'ڕۆحی کۆمەڵگا" لە گۆشەنیگای تورکیاوە وتاری هەفتانە 09.01.2017

'ڕۆحی کۆمەڵگا" لە گۆشەنیگای تورکیاوە

پرسیار: مامۆستای بەڕێز، لە وتاری هەینییدا ئاماژەیەک بە دەستەواژەی ''ڕۆحی کۆمەڵگا'' کرا. ئێوەش لە نووسینێکتاندا دەفەرموون؛ دەکرێت پێی بوترێت ''فراوانیی یاخود کرانەوەی ویژدان''. چۆن لە ''ڕۆحی کۆمەڵگا'' تێبگەین؟ بەربەستەکانی بەردەمی چین؟ تایبەتمەندییەکانی ئەو دەرکەوتەیە کامانەن؟

وەک لای بەڕێزیشتان ئاشکرایە، 'اجتماع' وشەیەکی عەرەبییە. کە واتای ''کۆبوونەوە'' دەگەیەنێت. بە تەواوی ئەو مانایە دەگەیەنێت یان نا؟ ئەوەیان بابەتێکی ترە. چونکە ئەو وشەیە بە عەرەبی لە بنەڕەتدا مانای ''یەکبوون و پێکەوەیی'' دەبەخشێت. هەروەک لە سەرەتای سونەنی ئەبوداودیشدا لە باسی نوێژدا دەفەرموێت: ''شان بە شانی یەک و هاوشانی یەک بە چەشنی بەردەکانی گومەزێک بەناویەکدا چوون.'' ئینجا گەر لە ڕوانگەی ڕێزمانەوە لە وشەکە بکۆڵینەوە، ئاماژە بە کەسانێک دەکات کە ''کۆبوونەوە'' و ''بوون بە کۆمەڵ''یان کردووە بە بەشێک لە سروشتی خۆیان. بەڵێ، ناوترێت ''جمع'' و 'اجماع''، بەڵکو دەگوترێت ''اجتماع''. ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ''ژیانی بە کۆمەڵ'' و ''هەڵکردن لەگەڵ یەکتر'' و ''ژیان لە پێناوی یەکتر''یان کردووە بە بەشێکی گرنگ لە سروشتی خۆیان. لە سەرچاوەکاندا ئاماژە بە دۆخێکی ڕۆحیی لەمشێوەیە دەکرێت.

بوون بە خاوەنی ڕۆحێکی وەها پەیوەستە بە دەرچوون لە ئاژەڵێتی و دەستبەرداربوون لە جیسمانییەت و بەرزبوونەوە بۆ ژیانی ڕۆحیی و قەلبی. وەک لەوێدا ئاماژەی پێکراوە، وابەستەیە بە ''بەرینیی ویژدان''ەوە. ئەمەش واتا کراوەبوون بەرامبەر هەموو کەسێک. بەڵام ''علی مراتبهم''؛ پەیوەندیی بەستن لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەپێی پێگەکەی خۆی. بۆ نموونە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە بنەما و پێوەرە بنەڕەتییەکانتان هاوبەشە، دەبێت لە پەیوەندی و دۆستایەتییتاندا تەبا بن و پێکەوە بگونجێن و بە چەشنی موگناتیس یەکتر ڕاکێشن. شتێکی تریش هەیە ئەویش زۆرلەخۆکردنە بۆ پێکەوەیی. دەکرێت هەموو بەهاکانتان لەگەڵ ئەواندا یەک نەبن، بەڵام خۆ چەند بەهایەکی هاوبەشتان هەر هەیە، ئیدی لەدەوری ئەو بەهایانە کۆدەبنەوە.

بەڵام ئەوەی پێشوویان زۆر جیاوازە؛ وەک لە پەیامی برایەتییدا ئاماژەی پێکراوە: ''خواتان یەکێکە، پێغەمبەرتان یەکێکە، ئایینتان یەکێکە، مەفکورەتان یەکێکە، غایەی خەیاڵتان یەکێکە، بەم چەشنە یەک لە دوای یەک تا دەگاتە ''هەزار''، ئیدی خۆتان دەتوانن زیادی بکەن. کۆبوونەوە  لەدەوری ئەو هەزار پەیوەندییە زۆرانە و یەکگرتن، جۆرێکە لە پێکەوەبەسترانەوە... ئینجا شتێکی دیکەش دەڵێت: پاشان لە یەک شار و لە یەک نیشتیماندا دەژین و لەوانەیە دوژمنیشتان هاوبەش بێت و چاویان بڕیبێتە وڵاتەکەتان، ئێوەش پێویستە لەسەرتان یەکگرتوو بن و پێکەوە بن، بەم چەشنە یەک لە دوای یەک تا دەگاتە ''سەد''. هەندێکجار دەتوانن پەیوەندییە هاوبەشەکان یەک لە دوای یەک بژمێرن تا دەگاتە ''دە''. هەندێکجار لەوانەیە بڵێن: ''دوو دانە'' پەیوەندی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ فڵاندا. ئەمانە هەموو لە بازنەیەکی زۆر جیاوازدا بە واتای 'پێکەوەبوون لەگەڵ ئەوانی دیکەدا' و 'هاوبەشیی کردنی شتانێک لەگەڵیاندا' دێت. بە واتا سادەکەی ئەمڕۆمان دەتوانن پێی بڵێن: ''ژێرەی هاوبەش''.  کاتێکیش دەڵێین ''ڕۆحی کۆمەڵگا'' بە زمانی فەڕەنسی دەتوانن دەستەواژەی ''ڕۆحی سۆسیال(کۆمەڵایەتی) ''ی بۆ بەکاربهێنن. ئەویش دەچێتە خانەی دەروونناسیی کۆمەڵگەوە. 

ڕەنگە ئەم بابەتە زۆر کاری لەسەر نەکرابێت بەڵام دەتوانن لە ڕوانگەی پەیامی برایەتییەوە لەم بابەتە بڕوانن. هەروەها - بێجگە لە هەستەکانی خۆتان - لە پێناوی ڕەزامەندی و ویستی خوای گەورەدا دەتوانن لە ڕوانگەی پەیامی برایەتییەوە لە بابەتەکە بڕوانن. واتە شایەتا گەر لەبەر خوا کاربکەن و لەبەر خوا دەستپێبکەن و لەبەر خوا یەکتر ببینن و لەبەر خوا قسە بکەن و لەبەر خوا بیربکەنەوە، یەکگرتن و یەکێتییەکی لەم شێوەیە دروست دەبێت.

کە باسی ئەمەمان کرد، یەکێک لەو قسانەم هاتەوە یاد کە لە تابلۆکانی خۆشنووسیشدا زۆر نووسراوەتەوە: ''دەبێت کورسییەک لە دڵتاندا هەبێت کە هەموو کەسێک بتوانێت لەسەری دابنیشێت!..''  کاتێک خەڵکی دێنە ناو دڵتەوە، نابێت خەمی ئەوەیان هەبێت کە لەوانەیە بە پێوە بمێننەوە!.. بەڵێ، لە ڕوانگەی هەست و هزرەوە دەبێت ئامادەگی ئەوەتان تێدابێت کە کورسییەک بۆ هەموو کەس لە دڵتاندا دابنێن. دەبێت زۆر بە ئاسانی بڵێن ''لە دڵی ئێمەدا تۆش شوێنت هەیە!'' بەڵام وەک پێشتر باسم کرد، هەر یەکەش ڕیزی خۆی هەیە.

ئەم کرانەوە ڕۆحییە، تا ڕاددەیەک پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە، وابەستەیە بە پەروەردەی ناو خێزانەوە، وابەستەیە بەوەی کۆڵان ئەو پەروەردەیە کون نەکات، وابەستەیە بەوەی خوێندنگە ئەو پەروەردەیە بە زانستیی بکات، وابەستەیە بەوەی پەرستگا ئەو پەروەردەیە بە ڕۆحیی بکات. خۆ گەر ''پەروەردەی ماڵ'' هەژار و ''کۆڵان'' پیس و ''پەرستگا'' لەژێر کاریگەریی هەلومەرجدا بێت و لە''خوێندنگە''کانیشدا بواری ژیانی دڵ و ڕۆحیی نەبێت، هەموو شتێک لە دەوری ماددەگەرایی و سروشتگەرایی و ئەزموونگەرایی بخولێتەوە، (من لێرەدا ڕەخنە ناگرم لەوەی بڵێم وایە، لێپرسینەوە ناکەم، گەر بێت و وا بێت...) ئەستەمە ئەو ڕۆحی کۆمەڵایەتییە گەشەبکات. بە پێچەوانەوە، ئەمانە پاڵپشتیی یەکتر دەکەن، کاتێک یەکێکیان شتێک دەکات، ئەوی تر تێکی نادات. ئەو شتەی لە ماڵێکی تەندروست و دایک و باوک و دەوروبەرەکەیەوە وەری گرتووە، لە کۆڵان وەک فڕێدانی زاری قومار لەدەستی نادات. پەرستگا لە لایەنی ڕۆحییەوە ئەو کەسە قووڵ دەکاتەوە. خوێندنگەکان شتان و بوون وەک هەللاجێک شی دەکەنەوە و خوێندکارەکان بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستی مرۆڤێک کە بە تەواوی لە ڕازی گەردوون دەگات و لەناخیدا قووڵبوونەوە ڕوودەدات. بەم شێوەیەش یەکتری ناڕوخێنن؛ کۆڵان دژی ماڵ نابێت، پەرستگا دژی ماڵ نابێت، قوتابخانە دژی ماڵ نابێت. کاتێک هەموویان لەسەر هەمان ڕاستەڕێ و بەرەو هەمان ئامانج لە جووڵەدا بن، ئیدی مرۆڤ لە ئاژەڵێتی دێتە دەر و جیسمانییەت جێدەهێڵێت و – لە ئاستێکی دیاریکراودا– بەرەو ئاستی ژیانی دڵ و ڕۆح پەرواز دەکات. ئیدی مرۆڤ لەخۆیدا هەست بە فراوانییەک دەکات، دەزانێت چۆن باوەش بۆ هەموو کەسێک بکاتەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێگاگەلێکی پەیوەندی لەگەڵ هەمووکەسێکدا بونیاد دەنێت. چۆن گوزارشت لە خۆمان بکەین؟ چۆن بە ڕاستی لە خەڵک تێبگەین؟ گەر بە شێوازێکی دروست نەتوانین گوزارشت لە خۆمان بکەین و لە خەڵکییش تێنەگەین و بە باشی نەیانخوێنینەوە، -گومانم وایە- بنیاتنانی یەکێتییەکی ڕۆحی و قەلبیی لەو شێوەیە دەستەبەر نەبێت.

فراوانکردنی ویژدان، تەنها کاتێک ڕوودەدات کە ئەو ''چوار قوتابخانەیە''ەی باسمان کرد تێبپەڕێنرێت. وەک بڵێی یەکێکیان قوتابخانەی سەرەتایی، یەکێکیان قوتابخانەی ناوەندی، یەکێکیان زانکۆ، یەکێکیشیان قۆناغی پسپۆڕیی بێت. لێرەدا دەپرسین ئایا خوێندنگە خاڵی کۆتایی دادەنێت یاخود پەرستگا؟ ڕای هەنووکەییم بەمشێوەیەیە: خوێندنگە، کاتێک بە راستی خوێندنگە بێت، ئیدی دەتوانێت لە پێشەوەی پەرستگاکان بێت و ئەو ئەرکە بەجێبهێنێت. بەڵام کاتێک تەنها ئەو پەیڕەو و پڕۆگرامە دەخوێنێت کە لەمڕۆماندا بۆی دیاریکراوە و تەنها ئەرکەکان جێبەجێ دەکات... کاتێک پەرستگا لە ڕۆحی ڕاستەقینەی خۆی دوور بێت و نامۆبێت بەو بەهایانەی لە ڕابردووەوە تا ئێستا بە میرات بۆمان ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.. کۆڵان لە پۆخڵەواتەکان پاکنەکرێتەوە... ئەو پەروەردەیەی لە ماڵەکانتاندا دەیڵێنەوە، لە هەر سەری کۆڵانێکدا دێوێکی لێ پەیدا دەبێت و ئیدی ڕۆحی ئێوەش فراوان نابێت. کاتێک ئەو ڕۆحە فراوان نابێت، کاتێک ئەو ویژدانە فراوان نابێت، کاتێک دونیای هەست و نەستتان فراوان نابێت، ئیدی ئەو باوەشکردنەوەیەش –بۆ کەسانی تر- سروشتیی نابێت، بەڵکو شێوازی زۆرلەخۆکردن و ساختە و ڕووپامایی وەردەگرێت. وەلێ ناکرێ زۆریش ڕەخنەی لێ بگرم، لەوانەیە ئەو شێوازە تەقلیدییە زۆر لەخۆکردنە ببێت بە حەقیقی و شێوازی سروشتی وەربگرێت. بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکە بە حەقیقەت دەستپێبکات و بە حەقیقەت کۆتایی بێت، بەناوی حەقیقەتەوە بێتەئاواز یاخود وەک هەڵبەستێک بخرێتە بەرباس و هەر بەناوی حەقیقەتیشەوە قافییەی کۆتایی بۆ دابنرێت، وە قافییەیەکیش بێت کە گوزارشت لە تەواوی کرۆکی ئەو هەڵبەستە بکات، دەبێت تەواوی ئەم توخمانە دەست بدەنە دەستی یەک. تەنها کاتێک ئەمانە هەموو جێبەجێکرا، ئەوکات پێکهاتەکە تەواودەبێت و ''ڕۆحی کۆمەڵایەتی'' دەستەبەر دەبێت. 

ئەو شتە دێوئاسایانەی بەر بە ''ڕۆحی کۆمەڵگا'' دەگرن، بە دەربڕینی ئیمامی غەزالی هەموو موهلیکات و موبیقاتەکان دەگرێتەوە؛ واتە هەموو ئەو تاوان و خراپەکارییانەی مرۆڤ بەرەو لەناوچوون دەبەن، یەک بە یەکیان ئەو ''ڕۆحی کۆمەڵگە''یە لەناودەبەن و دەیکوژن. حەزرەتی غەزالی لە ''احیاء علوم الدین''دا یەک یەک ڕیزیان دەکات، کاتێک لە وانەکەدا گەیشتینە ئەو بابەتە، خۆتان دەیبینن. با بڵێین لە خۆپەرستییەوە دەستپێدەکات، ئیگۆیزم، ئیگۆسەنتریزم، نارسیزم... خوا بمانپارێزێت. شایەتا گەر مرۆڤ کەوتبێتە چنگی ئەمانەوە، گومانم وایە بەڕووی هەموو ئەو شتە بەنرخانەدا داخراو دەبێت. بۆ نموونە ''تووڕەیی'' یەکێکە لەو شتە لەناوبەرانە. بۆ نموونە ''هەرسنەکردنی بەرامبەر '' یەکێکە لەو شتە لەناوبەرانە. ''غضب'' یەکێکە لەو شتە لەناوبەرانە. کەسێک داوای ئامۆژگاری لە سەروەرمان(ص) کرد، سەروەرمان سێ جار پێی فەرموو: لاَ تَغْضَبْ، لاَ تَغْضَبْ، لاَ تَغْضَبْ. تووڕە مەبە، تووڕە مەبە، تووڕە مەبە. ئەمیش یەکێکە لە موهلیکات و موبیقات.

لە بەرامبەر ئەمانەشەوە 'منجیات' هەیە، وەک باوەڕێکی تەندروست؛ ئیمانی کامڵ، ئیسلامی کامڵ، کامڵترین ئیسلام... مادەم خوای گەورە فەرموویەتی الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ '' واتە بۆم کامڵ کردن، کەموکورتیی نییە، نوقسانیی نییە، من لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بابەتەکەم بە کامڵترین شێوە پێدان، ئیدی ژیان بە کامڵترین شێوە، دەکەوێتە سەر خۆتان، '' الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لکم دینکم وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي '' ''بەمەش نازونیعمەتی خۆمم بۆ تەواوکردن'' ''وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلاَمَ دِينًا'' '' سەبارەت بە ئایینیش ڕازیم بەوەی ئیسلام ببێتە ئایینتان!..'' گەر لە ژیانتاندا جێبەجێی بکەن..

گەر ''ئیمان'' وەک ئەوە جێبەجێبکرێت کە ئەو فەرموویەتی، گەر ''ئیسلام'' وەک ئەوە جێبەجێبکرێت کە ئەو فەرموویەتی، گەر جێبەجێکردنی ئەمانە بەو شێوەیە بێت وەک بڵێیت خوا بتبینێت یاخود خوای گەورە ببینیت، واتە ''ئیحسان'' وەک ئەوە جێبەجێبکرێت کە ئەو فەرموویەتی، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەمانەشدا گەر هاوشانی تێگەشتن لەو وردەکارییە بێت کە لە ملکەچی بۆ فەرماندا هەیە، ''ئیخڵاص'' بەرجەستەببێت... وە بەم ئیخلاصەوە وەک نیشانەگرتنی وشیارانەی راوچییەکان نیشانە لە ''ڕەزامەندیی خوا'' بگیرێت... گەر لەگەڵ 'ڕەزامەندیی خوایی"دا هەردەم عەشق و ئیشتیاقی ''گەیشتن بە خوا'' ئامانجمان بێت، گەر بە تاسەمەندیی ''کەی بە تۆ دەگەمەوە''وە ژیان بەسەرببرێت، ئیدی ئەوکات مرۆڤ بە پاکی و سازگاری دەژی. وە –پێم وایە- گەر بەم شێوەیە بژی، هەموو کەسێک دەتوانێت لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ 'ئەو'. بە پێچەوانەشەوە خەڵکی بە گومانەوە تەماشای ئەو شتە پیس و ئاوە مەنگانە دەکەن و بە گومانەوە لەو شتانە دەڕوانن کە پاکن بەڵام گوماناوین.

لەم ڕوانگەیەشەوە ئەو کرانەوە و فراوانبوونی ویژدانە، وەک حەزرەتی غەزالی دەڵێت؛ وابەستەیە بە 'منجیات'ەوە، واتە بە ''شتە ڕزگارکەرەکانەوە''. وە شتە ڕووخێنەر و لەناوبەرەکانیش –وەک دێوەکان- بەربەستەکانی بەردەمیانن. هەروەها پێشیان دەگوترێت: ''موهلیکات''. خۆ لە هەموو کتێبەکانی ئەخلاقیشدا، لەوانەیە لە 'رقائق'یشدا هەر بە ''موبیقات'' هاتبێت، کە لەهەمانکاتدا بە واتای ئەو شتانەش دێن کە مرۆڤ لەناودەبەن و دەیهێننە سەرچۆک و ئیفلیجی دەکەن و نوقمی دەکەن و وای لێدەکەن نەتوانێت بجووڵێت. 

بەڕای من ئەرکی ئەو کەسەی بەڕێوبەر و کاربەدەستی کۆمەڵگەیە ئەوەیە کە ئەو چوار خانەیەی باسمکرد بە یەکەوە گرێ بدەن و بیانکەنە بەشێک لە ژیان. دەبێت پەروەردەی ماڵ و خێزان ڕێچکەی ڕاستی خۆی وەربگرێت، کۆڵانەکانیش لە بەدکاری پاڵفتە بکرێن. پەرستگاکان دەبێت پاڵفتەی کارە چەوتەکانی کۆڵانەکان بکەن و وەک 'وێستگەی پاڵفتەکردنی بەدکاریی کۆڵانەکان'یان لێبێت. خوێندنگەکانیش ئەو بیرۆکە چەوتانە پاڵفتە بکەن کە بە مێشکدا دێت، هزر لە ماددەگەرایی و ئەزموونگەرایی و سروشتگەرایی و بێباوەڕی پاڵفتە بکات و ڕێساکانی بوون(وجود) بەراستی بخوێنێتەوە. نیشانی بدات کە هەر بەشێکی ئەم گەردوونە ئاماژەی جیاوازجیاوازی خودایە و وەک جەنابی 'ڕەجایی زادە ئەکرەم'' دەڵێت: ''سەراسەری ئەم گەردوونە هەر کتێبی خودایە، بەدوای هەر وشەیەک بکەویت واتاکەی هەر خودایە'' وەک عەرەب دەڵێن (تَأَمَّلْ سُطُورَ الْكَائِنَاتِ، فَإِنَّهَا مِنَ الْمَلَإِ اْلأَعْلَى إِلَيْكَ رَسَائِلُ) حەزرەتی پیریش (بەدیعوززەمان) هەم عەرەبیەکەی دەڵێت، هەم تورکیەکەی. وشە بە وشە و پەراگراف بە پەراگراف لە دێڕەکانی گەردوون وردبەرەوە، فَإِنَّهَا مِنَ الْمَلَإِ اْلأَعْلَى إِلَيْكَ رَسَائِلُ هەموو وەک نامەیەک وان کە لە خوداوە بۆ ئێمە هاتبن. کاتێک ئەم نامانە بەڕاستی دەخوێنیتەوە، ئیدی پەی بە گەلێک تێبینی جیاواز دەبەیت لە گەردووندا. گەر خوێندنگەکان بەم کارە هەڵبستن، ئیدی دڵ و مێشک - کە ماوەیەکە لە یەکدی جیابوونەتەوە- دووبارە بە یەکدی شاد دەبنەوە، یاخود دووبارە ویژدان لەگەڵ لۆجیکدا بە یەک دەگەنەوە. ماوەی هەشت سەدەیە تا ڕاددەیەک و، ٥ سەدەی ڕابردوو تا ڕاددەیەکی زۆر، ٢ سەدەی ڕابردووش دەتوانرێت بوترێت بە تەواوی دڵ و مێشک لە یەکدی جیابوونەتەوە. نازانم دڵ سەرەتا مێشکی تەڵاقدا یاخود مێشک دڵی تەڵاقدا؟ لەم بارەیەوە لە زۆر دەرگا درا. چەندین جار هەوڵدرا لە شتی تر مارە بکرێن، قیتمیر ئیدی لەم بابەتەدا تۆزێک بە تەوسەوە دەڵێت (ئەی دڵ و مێشک وەرن لە دوای ئەو هەموو جودابوونە، بۆ خاتری خوا جارێکی تر لەگەڵ یەکتردا هاوسەرگیری بکەنەوە، ئێوە هەردووکتان دوو ڕووی یەک حەقیقەتن) حەزرەتی پیر لەمبارەیەوە چی دەڵێت؟ ''ڕۆشنکەرەوەی مێشک زانستی سەردەمە، ڕۆشنکەرەوەی دڵیش زانستی ئایینییە، بە یەکگرتنی هەردووکیان توانستەکانی خوێندکار لە شەقەی باڵ دەدات) بە یەکگرتنی هەردووکیان هیممەتی مرۆڤ وەک قومری باڵدەگرێت و بەرەو ژیانی ئەبەدی شاباڵی دەکرێتەوە و هێندە قووڵ دەبێتەوە کە دەتوانێت هەموو کەس لە باوەش بگرێت، باڵگرنتی خوێندکار وابەستەی ڕۆشنیی مێشک و نووری دڵ و ویژدانیەتی. کاتێک ئەم دوانە یەکدەگرن، ئیدی وەک دوو ڕووی یەک پێکهاتە دەبنە دروستکەری پێکهاتەیەکی تەواو و کامڵ. بازنەیەکی بەپیت... پزیشکەکان ئەم دەستەواژەیە بەکارناهێنن، بەڵکو تەنها نەرێکەی بەکاردەهێنن و دەڵێن ''بازنەیەکی نەزۆک''. لە کۆندا دەوترا ''بازنەیەکی چەوت''، بەڵام ئێستا دەوترێت ''بازنەی نەزۆک''.  پێچەوانەکەی ''بازنەی صالح و چاک'' یاخود ''بازنەی بەپیت''ە. لە باش هەر شتی باش دروستدەبێت، باش هەر باشی لەدوا دێت. بەڵی، بۆ پەروازبوونی هیممەت و کرانەوە و فراوانبوونی ویژدان، پێویستمان بەم شتانە هەیە کە باسم کرد.

پرسیار: لە نووسینێکتاندا باس لەوە کراوە کە بەهۆی نەخۆشیگەلی وەک نەزانیی و خۆبەزلزانین و لەخۆباییبوون و حەسوودییەوە ویژدان گرژ و تەنگ دەبێت و دەبێت بە داڵانێکی خۆپەرستیی. کاتێک تەماشای بارودۆخی ئێستای تورکیا دەکەین، دەبینین کە پەیوەندییەکانی دین و زمان و نەتەوە و هاوڵاتییبوون لەپچڕاندان و لە نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا شەڕ بڵاوە و تەنانەت لە ناو یەک گروپیشدا چەندین لێکترازانی ترسناک دەبینرێت. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە لێی دەڕوانین، ئایا دووبارە زیندووبوونەوەی ''ڕۆحی کۆمەڵگا'' لە وڵاتەکەماندا مومکینە بەلاتانەوە؟

وەڵام: استغفراللە... لەوانەیە لێرەدا هەندێک بابەت بێنینە سەرزار، هەندێک پێی ناڕەحەت ببن. ئەو بابەتەی باستان کرد، ئێستا کێشەی بڵاوی تورکیا و وڵاتانی وەک تورکیایە. لە سوریاش هەمان شتانی تورکیا هەن. پێشتر کاتێک دەستەکانمان بڵند دەکرد و نزامان دەکرد و چاوەکانمان فرمێسکیان لێدەچۆڕا، دەمانوت: ''خوایە گیان! خۆشبەختی و ئاسوودەیی و یەکگرتوویی و پێکەوەبوون و ڕۆحی برایەتییان پێ ببەخشە.'' ئێستا تورکیاش وەک سوریای لێهاتووە. نازانم لە یەک ئاستدا هەژمار دەکرێن یاخود کەمێک باشترە، خۆ عالەمی عەرەبیی دراوسێشی هەر وایە؛ کاتێک دەچنە ئەفریقاوە، لەوێ هەندێک دەوڵەت هێشتا وەک دەوڵەتی خێڵ مامەڵە دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە زیاتر تورکیا دەبینین و لەبەر ئەوەیشی کە تورکیا لە پێشبڕکێی ڕووخاندا زۆر لەپێشە، لە پێشبڕکێی لێکترازاندا زۆر لەپێشە، لە پێشبڕکێی بە دوژمنکردنی ئەندامانی یەک خێزاندا زۆر لەپێشە، لە دەستگیرکردنی کەسانی بێتاوان و زیندانیکردنیان و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگەدا زۆر لەپێشە... (تورکیا) شێواز و دیمەنێکی هێندە سەرسامکەر دەخاتە ڕوو، کە مرۆڤ ڕادەچڵەکێت..

وەک چەندین جار باسم کردووە، گەر ئیسلام بۆ کەسێک باس بکەن کە لە کڵێسایەک یان پەرستگایەک یاخود لە ژینگەیەکی نکووڵیکەر لە بوونی خوادا گەورە بووبێت، کاتێک بە دووربین تەماشای تورکیا بکات، دەڵێت: ''وەڵڵاهی دڵم نایبات ئەوە هەڵببژێرم!'' ''دڵم نایبات موسڵمانێتییەکی لەوجۆرە هەڵبژێرم!..'' وەک وڵاتێکی پڕ لە ئارەزوو و ڕق و نەفرەت و لەخۆباییبوون و دوژمنایەتی و تووڕەیی و پارچەپارچەبوون و ڕووخاندن و دابەشبوون و هێرشکردنی دەعبائاسای مرۆڤەکان بۆسەر یەک دەیبینێت و دەڵێت: ''هیچ لایەنێکی جوانی تیا نییە تا هەڵیبژرێم!'' ئێوە خۆتان بخەنە شوێن و پەرستگایەکی ئەوها و ئینجا کاتێک لە ژینگەیەکی وەهادا گەورەبوون –بە فەڕزی مەحاڵ- پێتان بوترێت: ''موسڵمانێتیی هەڵبژێرن!'' ئێوە کاتێک لە ڕوانگەی شوێنێکی وەک تورکیا و سوریاوە لە موسڵمانێتیی دەڕوانن، بێگومان دەڵێن: ''شوێنی وەها بە ناخی زەویدا ڕۆبچێت!''  دەڵێن: ''گەر شوێنێکی وەها هەبێت، با بە ناخی زەویدا ڕۆبچێت!''

لە تورکیادا ئەمە دیمەنە گشتییەکەیە. ئەنادۆڵ، ئەنادۆڵی پیرۆز... ئەوە وڵاتێکە پڕە لە ئەنا، پڕە لە دایک. وە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بووەتە توخمی هاوسەنگیی دەوڵەتان. تەنها لەناو خۆیدا نا، لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکانیشدا دەورێکی گرنگی هەبووە. لەبەر ئەوەی هەردەم دێتە سەرزارم دەیڵێم؛ بۆ نموونە کاتێک فەڕەنسییەکان بیر لە شوێنێک دەکەنەوە بۆی هەڵبێن، بیریان لە پێکهاتەی دەوڵەتی عالیی دەکردەوە. ئەنادۆڵ جێیەکی ئەوهایە. ئەستەنبوڵ پایتەختی دەوڵەتێکی ئەوها بوو. کاتێک باس لە هەڵبژاردنی شوێنێک دەکرا لە دونیادا، یەکسەر ئەستەنبوڵیان هەڵدەبژارد. ڕووبەر و پانتاییەکی دووسەد و پەنجا هەزار کیلۆمەتریی، (لەوانەیە ژمارەکە بە هەڵە لە مێشکمدا مابێتەوە)؛ ئەو هەموو مرۆڤە، ملیۆنەها مرۆڤ، سودانیشی تێدا بوو، میسڕیشی لەناودابوو، وڵاتەکانی مەغریبیشی تێدابوو، یەمەنیشی تێدابوو. وە چەندەها جار کێشەی باکوور و باشوور ڕوویدەدا، بەڵام ئەو دەوڵەتە مەزنە لە سەردەمی 'عبدالحمید'دا – بە کۆمەکیی ئیلاهی- ئەو کێشانەی چارەسەرکرد.

ئێستا کە دەوروبەرمان بە کێشە تەنراوە ، لەلایەکەوە ئێمەش لە ناو ئەو کێشانەداین؛ وڵاتەکەی خۆمان لەناو ئەو کێشانەدا گەوزاوە. میللەتێکی وەها پیرۆز... چەندین جار وتوومانە و دەیڵێین: ''حەق نەبوو وای لێبێت!'' حەق نەبوو هێندە بپووکێتەوە و هێندە بشێوێت. بەداخەوە دووچاری شتێکی لەو جۆرە بوو.

بەداخەوە هێشتا هەندێک دەڵێن: ''هیچ کێشەیەک ڕووینەداوە!'' عاکیف گوتەنی:

ئای لە ماڵی ڕووخاو و چۆڵیی بیابان

ئای لە بێکاریی ڕۆژ و بێ فیکریی شەوان

لە گوزەردا هەر زاریمە و لە سکوونەتیشدا گریان

کەسێ نییە لێم حاڵیی بێ، وای لە نیشتیمانی وێران!

کاتێک تەماشای ئەم دیمەنەی ئێستا دەکەین، ئەم ئا‌هـ و ناڵەیەی ''عاکیف'' لە گوێیەکاندا دەزرنگێتەوە. کاتێکیش لە بەرپرسان دەپرسیت، کاتێک لەو بەرپرسە بەناو تێگەیشتووانە دەپرسیت، کاتێک لەو بەرپرسانە دەپرسیت کە وەها نیشان دەدەن عەقڵیان بە هەموو شتێک دەشکێت، دەڵێن: ''هیچ نییە!'' ''هیچ کێشەیەک بوونی نییە!'' ''نۆ پرۆبلێم!..'' دەڵێن: ''گەر لەسەر ڕووی زەمیندا یەک وڵات هەبێت کە دیموکراسی و حەق و یاسا و دادپەروەریی تیا بەرقەرار بێت، ئەوا ئەو وڵاتە ئەنادۆڵە!'' چەندین جار ئەمانەتان بیستووە، زیادەڕۆیی ناکەم...

بەڵ ێ، ئەمە تابلۆکەیە. ئەمە دیمەنەکەیە. خۆزیا ئەمەیان بزانیایە، بەڵام ئەو جۆرە کەسانە بە ئەستەم لەمە تێدەگەن. ئەستەمە ئەم دیمەنە لە کەسانێک بگەیەنیت کە؛ لەگەڵ مردنی ٣٩ کەسدا قۆڵی خۆیشی شکاوە، کەچی دەڵێت: ''مەپرسن، هێندەی نەمابوو کەمئەندام ببین!'' چڵوچێوێکیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە، شێواندنیان جێهێشتووە. کاتێک خاچپەرستەکان داگیرکارییان دەکرد، لایەنەکان دیاربوون. ئێوە دەتانوت: (یەکێکیان ''فرێدریک باربارۆس''ە یەکێکیان ''فیلیپ''ە، یەکێکیان ''ڕیچارد شێردڵ''ە. ئەمانە چەند سەرسەرییەکن کە لەلایەن ''پیێر مارتین''ەوە فریودراون و کەوتوونەتە ڕێ.) لەنێوان خەڵکییدا ئەو یەکێتی و یەکگرتووییە تێکنەچووبوو. ئەوان تا میسڕ چووبوون، بەڵام لەوێ ڕووبەڕووی سەڵاحەددین بوونەوە. لەوانەیە پێش ئەویش ڕووبەڕووی نوورەددینی فەرمانڕەوای زەنگیی بووبنەوە. هەر ئەوبوو کە نیزامەددینی باوکی سەڵاحەددین و شێرکۆی مامی و سەڵاحەددینیشی پەروەردەکردبوو. لە مێژووی ئەدەبیاتیشدا هەر دەوڵەتی زەنگییەکان بوو کە کەسانی وەک سەعدی شیرازییان پێگەیاند. ڕووبەڕووی ئەوان بوونەوە و شکێنران، بە یارمەتیی و کۆمەکی ئیلاهیی شکێندران.

بەڵام ئێستا لێکترازانێکی وەها ڕوویداوە کە! دایک و باوک بە منداڵەکەی دەڵێت: نازناوەکەت بگۆڕە، نامەوێت لە خانەوادەکەی مندا بیت!'' ئەمە بە کێ دەڵێت؟ بە کەسێک کە نوێژ و ڕۆژوو و عیبادەتەکانی بە تەواوی ئەنجام دەدات. لە شوێنێک قوتابخانەی کردووەتەوە، کەچی پێی دەڵێن: ''خیانەتکار، دوژمنی نیشتیمان، تۆ چۆن قوتابخانە دەکەیتەوە!''

''هەی خیانەتکار، تۆ چۆن دەچیت زانکۆ دەکەیتەوە! هەی دوژمنی نیشتیمان، تۆ چۆن ماڵ بۆ خوێندکاران دەگریت و مانگانەیان بۆ دەبڕیتەوە! هەمووتان خیانەتکارن!... من لە خانەوادەکەمدا دەتسڕمەوە، نازناوەکەت بگۆڕە، نامەوێت هەڵگری هەمان نازناوی من بیت!'' زیادەڕۆیی ناکەم، کەسانێک وایان بەسەر هاتووە کە ئێوەش دەیانناسن. چەندین هاوڕێی لەم جۆرەمان هەن وەک بڵێی ڕم کراوە بە سەرسنگیاندا و هەردەم بەم ئازارەوە دەناڵێنن. بە هەزارەها کەس... بەهۆی ئەو هەموو لێکترازانانەوە لەرزینێکی وەها هاتۆتە مەیدان، وەک بڵێی هیچ شت و هیچ هەستێکی پاک نەماوەتەوە.

کات و هەوڵێکی یەکجار زۆر پێویستە تا لە روانگەی هۆکارە ڕووکەشییەکانەوە ئەم پشێوی و پووکانەوەیە بنیاتبنرێتەوە بخرێتەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی. پسپۆڕانی بواری دەروونناسیی کۆمەڵ و مێژووناسیی کۆمەڵیش لێرە هەر هەمان بۆچوونیان هەیە. ماوەیەک لەمەو پێش برادەران وتیان؛ ''گەر کەسانی ژیرمەندی لەم شێوەیە ببنە کاربەدەستی وڵاتەکەتان، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لەماوەی ٢٥ ساڵدا مرۆڤەکان پێکەوە ئاشت بکەنەوە؟'' منیش ئەم پرسیارەم بەلاوە ماقووڵە. 

بەڵام خوای گەورە کۆمەکی تایبەتی خۆی هەیە کە نە چاو بینیویەتی و نە گوێ بیستوویەتی و نە بە عەقڵی هیچ کەسێکیشدا هاتووە، تَوَجُّهًا مِنْ لَدُنِ اللهِ، فَضْلاً مِنْ لَدُنِ اللهِ، عِنَايَةً مِنْ لَدُنِ اللهِ، رِعَايَةً مِنْ لَدُنِ اللهِ، كِلاَءَةً مِنْ لَدُنِ اللهِ'' خوای گەورە بە کۆمەکی تایبەتیی خۆی دەتوانێت لەیەک چاوترووکاندا دڵەکان وابەستەی یەکتر بکاتەوە.

وَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِهِمْ لَوْ أَنْفَقْتَ مَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا مَا أَلَّفْتَ بَيْنَ قُلُوبِهِمْ وَلَكِنَّ اللهَ أَلَّفَ بَيْنَهُمْ إِنَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ'' گەر شاخ و داخ ئاڵتوون بوونایە و هەموویت خەرج بکردایە، هێشتا نەتدەتوانی ئەم دڵانە پێکەوە ببەستیتەوە و هۆگری یەکیان بکەیت!.. ئەوە خوایە کە وابەستە و هۆگری یەکتری کردن!..

کاتێک خواستی خۆی لەسەربوو، بە یارمەتی و کۆمەکی ئیلاهی و لەبەر خاتری شکۆمەندیی و بەرزیی سوبحانییەتی خۆی، لەبەر خاتری ئولوهیەت و ڕبوبیەت و ئەسماء و سیفاتی سوبحانیی، لەبەر خاتری ئیسمی ئەعزەم، لەبەر خاتری پێغەمبەری شکۆمەند... هەروەک بۆ ئەوانەی پێش ئێمەشی کردووە، کۆمەکی خۆی دەنێرێت. خوای گەورە ئەو ڕۆژانەمان پیشان بدات. ئەندامانی کۆمەڵگە سەرلەنوێ هۆگری یەکدی ببنەوە.. ڕێز لە یەکتر بگرنەوە... باوەش بە یەکدا بکەنەوە... هەموو کەسێک وای لێبێت بەوی تر بڵێت: ''ویژدانم هێندە فراوانە کە تۆ بە ئاسانی دەتوانیت خێوەتی خۆتی لێ هەڵبدەیت!...'' انشااللە... لە دەستی ئەودایە. بەڵێ، چاوەڕوانی ئەوەین لە ڕەحمەتی فراوانی خوای گەورە. انشااللە ڕۆژێک دێتە دی، خوای گەورە ئەوەشمان بەنسیب دەکات.

لەلایەکەوە دەبێت بپاڕێنەوە، دەتوانن خواست و نیاز و داواکاری و کورمانەوەیەکی بان-هۆکار'تان هەبێت و بڵێن: ''گیانمان هاتۆتە بینمان، چی دەبێ خوایە گیان یەکێتییمان بەنسیب بکە!..'' دەتوانن بڵێن ئەم جۆرە پاڕانەوە و ئاهـ و ناڵە و نزایانە نیشانەی ڕووکردنە حەزرەتی موسەبیبول ئەسبابی بان هۆکارەکانە.

 لەلایەکی دیکەشەوە لەم بابەتەدا ئەرکێکی گرنگتان دەکەوێتە سەرشان. لێگەڕێن با خەڵک بتانڕەتێنن و کەسانێک مامەڵەی نامرۆڤانەتان لەگەڵ بکەن، بە شێوازێکی بەرنامە بۆداڕێژراو مەحکوومی لەناوچوونتان بکەن، با ئێوە ١٠ قات لە خوار خۆیانەوە ببینن، ئێوە چاوپۆشی لەم شتانە بکەن و؛ لە بەرامبەر هەموو سروشت وەحشییەکان، لە بەرامبەر هەموو سروشت دڕندە و سروشت حەسوودەکان، لە بەرامبەر کەسانێکدا کە سەرشێتیی ڕووی تێکردوون و تووشی نەخۆشی دەروونیی بوون، لە بەرامبەر کەسانێک کە دونیا دەپەرستن، لە بەرامبەر کەسانێک کە هەردەم خەیاڵیان لای کۆشک و تەلارە و بێجگە لەمە بیر لە هیچ شتێک ناکەنەوە، لە بەرامبەر کەسانێک کە هەر خەیاڵیان لەلای کەشتیەکانیانە و خۆیان لێ بووە بە فیل، وەک دەزانن فیل کاتێک شێت دەبێت خۆی دەکات بە شارا و هەرکەس بێتە بەردەمی پانی دەکاتەوە. ئێوەش بێ ئەوەی خۆتان لێ ببێت بە فیل دەبێت پارێزگاری لە خوو و کرداری مرۆڤانەتان بکەن. ئێوە هەروەک یونس ئێمرێ دەڵێت بەرامبەر لێدەر بێدەست و بەرامبەر جوێندەر بێ زمان و لە دڵتاندا کینە هەڵنەگر بن. تەنیا بەمشێوەیە دەتوانین ئەم بارودۆخە دڕاوە پینەبکەین. خودا دەفەرموێت: وَإِنْ عَاقَبْتُمْ فَعَاقِبُوا بِمِثْلِ مَا عُوقِبْتُمْ بِهِ گەر زیانێکیان پێگەیاندن ئەوا بەرپەرچێکی هاوتا.... بەڵام ئەوەی ئەوان دەیکەن کارێکی زاڵمانەیە، گەر ئێوەش هاوشێوەی ئەوان مامەڵە بکەن ئەوا ئێوەش دەبن بە زاڵم. وَلَئِنْ صَبَرْتُمْ لَهُوَ خَيْرٌ لِلصَّابِرِينَ ئەم ئایەتە ئاسۆیەکی باڵاتر نیشانی مرۆڤی ڕاستەقینە دەدات. ''گەر دان بە خۆتاندا بگرن و چالاکانە ئارامبگرن...'' ئارامگرتنی پچڕپچڕ نا، ئارامگریی تاڤگەئاسا، ئارامگریی بە شێوەی چۆڕاوگێک، هەرکاتێکیش بەردەمی کرایەوە، ئارامگرتنێکی بە خوڕ، هاوشێوەی تاڤگەکانی نیاگارا و ئەمازۆن. بۆ دوور بڕۆین؟ هاوشێوەی نیل و فوڕات ودیجلەو دانووب، دەبێت بە شێوازێک ئارامبگرین کە هەمیشە هەڵقوڵاو و بەخوڕ و بەرپێنەگیراو بێت. دەبێت ئەوە بکەینە ئامانجمان و هەوڵی پینەکردنی ئەو دڕاوییە بدەین. دەبێت هەوڵی بنیاتنانەوەی ئەو دڵە ڕووخاوانە بدەین، بە کۆمەک و هاوکاریی ئیلاهیی.

شایەتا تۆزقاڵێک مرۆڤایەتییان تیا مابێت، لام وایە گەر بە چاکە بەرپەرچی خراپەکانییان بدەینەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان نەفس و شەیتانیشیان دێنە سەرچۆک و کۆڵ دەدەن، بە کۆمەک و هاوکاریی ئیلاهیی.

وەک مامۆستا نەجیب فازڵیش دەڵێت:

ڕێ هی ئەوە، بوون هی ئەوە، ماباقی گشت پووچە هەر

هەستە سەرپێ ئەی سەکاریا، لەمێژە نوستوویتە هەر

حەزرەت ڕوو دەکاتە ڕۆحی میللەت، خوا بە بەهەشتی بەرین شادی بکات. ئامین. 

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.