سەرانسەری جیهانی موسڵمانان لە ماوەی ئەم سێ چوار سەدەیەی دواییدا لە بازنەی داخراوی دیلێتی و، ژێردەستەیی و، نەزانی و، هەژاری و، دووبەرەكی و، دوژمنایەتی و، دواكەوتوویی و، كۆنەپەرستی و، چەقبەستووییدا گینگڵ دەخوات. لەبری ئەو ئامانجەە باڵایانەی كە قورئان بۆ موسڵمانانی داڕشتووە -وەك: ئاوەدانكردنەوەی زەوی و، ڕێنموونیكردنی خەڵكی بۆ چاكە و وریاكردنەوەیان لە خراپە و، گرنگیدان بە یاسا سروشتییەكان بەئەندازەی گوێڕایەڵیكردن بۆ فەرمانە شەرعییەكان و، ڕوانینی گشتگیر بۆ بەدیهێنەر و گەردوون و ژیان و مرۆڤ و دانەبڕینیان لەیەكتری و، بڵاوكردنەوەی ئاشتی و ئاسایش لەسەر ڕووی زەویدا و، پێشكەوتنی ماددی و مەعنەوی و، ڕێزگرتن لە بەها مرۆیی و گەردوونییەكان و، گرنگیدان بە بیروباوەڕ و بیركردنەوەی ئازاد و، هاندانی زانست و زانستخوازان و، خۆشویستنی نیشتمان...- ئێستا لە كەمەندی بەرژەوەندیخوازی و هەلپەرستیدا گیری خواردووە و، بووە بە داوی هەوا و ئارەزووەكانەوە. تەڵەی چێژی پاڵدانەوە، حەزی كاركردن و هەوڵدانی ئەویان پێوەندكردووە و، زنجیری دواكەوتوویی و چاولێكەریی مەیلی تازەگەری و نوێبوونەوەیان لەودا یەخسیركردووە و، پشتكردنیش لە ڕابردووی خۆی و پاڵنەرە مێژووییەكانی، بوون بە هۆكاری ئەوەی یەك لەسەر یەك زللەی تەمێكردن بخوات.