بەڕێز فەتحوڵا گولەن خەڵاتی مانهایی بەخشی

بەڕێز فەتحوڵا گولەن خەڵاتی مانهایی بەخشی

بەڕێز فەتحوڵا گولەن کە بە شایستەی خەڵاتی جیهانی مانهایی ئاشتی دەستنیشان کرابوو خەڵاتەکەی بەخشی بە پرۆژەکانی ئاشتی کە بڕی ٢٨ هەزار دۆلاری ئەمەریکی بوو. شایانی باسە ئەم خەڵاتە بە ناوی هانگ یۆنگی شاعیر و چالاکوانەوە ناو نراوە کە لە پێناو سەربەخۆیی باشوری کۆریادا تێکۆشاوە.

لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە هەتاوەکو ئێستا لە باشوری کۆریا خەڵاتی ئاشتی مانهایی کە لەلایەن هەمووانەوە جێی ڕەزامەندییە دابەشدەکرێت. دوو مانگ لەمەوبەر بەڕێز گولەن کە بە شایستەی ئەم خەڵاتە دەستنیشان کرا، ئەو ٢٨ هەزار دۆلارەی کە لەگەڵ خەڵاتەکەدا پێشکەشکرا بەخشی بە پرۆژەکانی ئاشتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران کە خۆی سەرۆکی فەخری ڕێکخراوەکەیە. پڕۆگرامی پرۆژەکانی ئاشتی بۆ هاندان و شەوق بەخشین بەو چالاکوانانە ئامادە کرا کە، لە پێناو بەرگرتن لەو شەڕوشۆڕ و تۆقاندنەی لە دنیادا هەیە چەندین شێوازگەلی ڕێککەوتن و ئاشتی دەخەنە بەردەست و پیادەی دەکەن. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا خەڵاتێک بە بڕی ٥٠ هەزار دۆلار بەو پڕۆژانە دەبەخشرێن کە لە بابەتەکانی دیالۆگ، ڕێککەوتن، پێکەوە ژیان، پێکەوەیی، دیموکراسی، ڕێز بەرامبەر پیرۆزییەکان، زانیاری دەربارەی دەوروبەر، مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیا و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. یەکەم ئاهەنگی دابەشکردنی ئەم خەڵاتانە لە مانگی ئازاری ٢٠١٤ دا سازدەدرێت و گشت کەس و لایەن و دامەزراوە مەدەنییەکان لە هەر چوارلای دنیاوە دەتوانن بە پڕۆژەکانیان کە ئاشتی و چارەسەر لە خۆ بگرێت بەشداری بکەن.

بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی هانگ یۆنگی (١٨٧٩-١٩٤٤) شاعیر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە لە پێناو سەربەخۆیی باشوری کۆریادا تێکۆشاوە، هەموو ساڵێک خەڵاتەکانی مانهایی لە بوارەکانی ئاشتی، خزمەت بە کۆمەڵگە، سەرکەوتوویی ئەکادیمی، هونەر و ئەدەبیات پێشکەش دەکرێت. شایەنی باسە ئەو شێوازەی کە هانگ یۆنگ لە کاتی تێکۆشانیدا بۆ سەربەخۆیی کۆریا گرتبوویە بەر بووە ئیلهامێک بۆ سەرانسەری دنیا کە بریتی بوون لە بانگەشە کردن بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و یەکسانی و سەربەخۆیشی کردبوویە ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی. پێشتریش ڕابەری ئەفەریقای باشور نێلسۆن ماندێلا و ڕابەری ئایینی تیبێت، دالای لاما و شیرین ئاباد چالاکوانی ئێرانی و شاعیری کوەیتی شیخە سعود و چەندین ناوی تر هەڵگری خەڵاتی مانهایین بۆ ئاشتی. خەڵاتی ئەمساڵی ٢٠١٣ پێشکەش کرا بە فەتحوڵا گولەن کە بە هەوڵ و تەقەلاکانی لە لەسەرانسەری دنیادا بۆ ئاشتی و لێبوردەیی و گفتوگۆ بووەتە مایەی سەرنج و تێڕامانی ملێۆنان کەس.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.