پێشه‌كى

نووری نەمر

باسکردنى کەسایەتیى بەرز و ناوازەى حەزرەتى موحەممەد موستەفا(صلی اللە علیە وسلم)، زیاد لە باسکردنیش پێشکەش کردنى وەک چارەیەک بۆ ڕزگاریى مرۆڤایەتى و، ئیکسیرێک بۆ دەردە ناسۆرەکانى، هەروەها ناساندنى ژیانى موبارەکى بە شێوەیەک شایستەى ئەو زاتە مەزنە بێت، لەو بابەتە گرنگانەیە کە وەک زۆر کەسى تر، دنیای هزر و هەستى منیشى خستبووە ژێر فشارەوە و، لە هەموو ڕوویەکەوە بووبووە خواست و خولیایەکى بەرنەگیراو...

ئەو(صلی اللە علیە وسلم) مایەى شانازى مرۆڤایەتییە. ئەوەتا چواردە سەدەیە لە سەرانسەرى دنیادا، گەورەترین بیرمەند و کەڵە فەیلەسوف و ئەو زانا و ڕووناکبیرانەش کە هەر یەکەیان ئەستێرەى گەشى ئاسمانى هزر و بیرمانن، لە دوایەوە دەستەنەزەر وەستاون و، لە ڕوویدا دەڵێن: ” تۆ ئەو مرۆڤەیت کە شانازى بە شوێنکەوتەییتەوە دەکەین.؛

بۆ گەورەیى ئەو ئەوەندە بەسە کە سەربارى ئەو هەموو تێکدان و کاولکارییە ماددى و مەعنەوییانەى لەم چەرخەدا کراون، کەچى هێشتا لە منارەکانەوە زایەڵەى "أشهد أن محمدا رسول الله" دەبیستین و شاباڵ گرتەى ڕۆحى ڕەوانى موحەممەدى بە هەموو لایەکدا دەبینین و، لەگەڵ ڕۆحانییەکاندا ڕۆژى پێنج جار دێینە جۆش و خرۆش.. دیسانەوە سەبارەت بە مەزنى و شکۆى ئەو دەتوانین بڵێین: سەرەڕاى هەوڵى سەرومڕى دوژمنانى دین لە ناوەوە و دەرەوەدا، لە پێناو گومڕاکردن و لەڕێ لادانى نەوەى نوێ، کەچى وا ئەمڕۆ چەندەها لاوى تازە پێگەیشتوو، هەرچەند لە قۆناغێکى زەمەنى ئەوتۆدا دەژین کە دەرککردنیان بە "حەقیقەتى ئەحمەدى" وەک پێویست سەخت و دژوارە، کەچى چەشنى بەرەو پیرچوونى پەروانە بۆ ڕووناکى، بەرەو حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) دەڕۆن و ، بەم کارەشیان هەڵوێستێک دەنوێنن کە لە دنیادا هاوتاى نییە. دەستى زەمەن کۆتاتر بوو لەوەى بتوانێت هیچ حەقیقەتێکى تایبەت بەو لە ناخماندا کۆن و ڕەنگپەڕ بکات. بەڵێ، ئەو هێشتا تەڕو تازەیە لە سینەماندا، هەروەک زۆرجار بە دۆستەکانیشم دەڵێم: هەرکات دەچمە مەدینەى مونەووەرە، بۆن و بەرامەى ئەو بە جۆرێک دەمپێچێت، دەڵێیت هەنگاوێک لەولاترەوە بەخۆى شاددەبم و، بە دەنگە ژیانبەخشەکەیەوە پێم دەڵێ: ” مرحبا، أهلا وسهلا " و بەخێرهاتنم دەکات. جا ئیتر پێغەمبەرى خوا(صلی اللە علیە وسلم) لە ناوماندا تا ئەو ڕادەیە زیندە و تازەیە و، هەر واش بە تازە و پاراویى دەمێنێتەوە.

بەڵێ، زەمەن پیر دەبێت و بەساڵا دەچێت. هەروەک چۆن هەندێک فیکر و بۆچونیش پووچ و نابوود دەبن و لە بەها دەکەون. بەڵام ئەوە تەنها حەزرەتى موحەممەدە (صلی اللە علیە وسلم) کە لە دڵى ئیمانداراندا وەک خونچەیەک وایە کە هەر ڕۆژە و زیاتر دەپشکوێت و، دائیم لە نوێبوونەوەدایە.

پێم وایە ئەگەر هێندەى کەسانى دى کە شتانى تر باس دەکەن، بمانتوانیبایە پێغەمبەرى نازدار باس بکەین ـ کە بەداخەوە نەمانتوانیوە، بەو ئەندازەیەش کە کەسانى تر باس دەکران و برەویان پێ دەدرات، زەمینە بسازایە بۆ ڕۆشنایى خستنە سەر لایەنەکانى کەسایەتیى ئەو، هونەر و گشت یەکە و دامەزراوەکانى ژیان بۆ ناساندنى ئەو سەفەربەر بکرانایە، ئەوا ئەو کاتە لە دەروونى نەوەکانى ئەمڕۆدا تەنها ئەو تەختى دادەنا و، دڵەکانیش تەنها بۆ ئەو لایان دەدا.. وێڕاى هەموو ئەمانە، لە خۆرهەڵات و خۆرئاواى دنیادا، ڕۆژ دواى ڕۆژ مرۆڤەکان، هەریەکە و بە گۆزەکەى دەستیەوە بەرەو ئەو سەرچاوە سازگار و خاوێنە ڕادەکەن کە بە"منهل العژب المورود" ناوى دەبەم و، کۆششى ئەوە دەکەن بگەنە مەنزڵى ئەو سوڵتانەى کە تاج لەسەرى خۆرەکان دەنێت.

بەڵێ، ئەمڕۆ لە زۆربەى وڵاتانى جیهاندا، لە پێشى هەمووشیانەوە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا تێبینى بووژانەوەیەک دەکەین ڕووەو ئەو. لە زۆر جێگەشدا موسوڵمانان بە کەرەستەى ڕستنى بەردەستیان، بە چوستى سەرگەرمى ڕستنى بنەماکانى بەرنامەکەى ئەون و، نەخش و نیگارى ناسک و دڵڕفێن دەربارەى ئیسلام دەچنن. هەر دەڵێیت ڕۆحیەتى "عەسرى سەعادەت" سەرلەنوێ لە ناو موسوڵماناندا زیندووبووەتەوە. بارودۆخى جیهانى ئیسلامیش جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ ئەمە نییە... ئەوەتا لەبرى ئەوانەى کە یەک دوو سەدە لەمەوبەر بەبێ هیچ داوەرییەکى ژیریى و هەروا بە ساکارى هاتبوونە ڕیزى موسوڵمانانەوە، ئەمڕۆ چینێکى ڕۆشنبیر و خوێندەوار هاتووەتە گۆڕێ، کە لێکۆڵینەوەى زانستیانەى لایەنەکانى ئیسلام دەکات و، لە ژێر شەبەنگى پرشنگدارى زانستدا شوێن حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) کەوتووە... ئەوانەى تا ئەمڕۆ توێژى خوێندەوارانیان بۆ مەرامى خۆیان بەکاردەهێنا و، زانکۆ و مەڵبەندەکانى فێربوونیان کردبووە شوێنکەوتەى تاقمێک"...یزم"و، دەزگا نیشتیمانیەکانیشیان بۆ بەرژەوەندى کوفر وەگەڕخستبوو، لەمەودوا هەروەک توانەوەى شەختە سەهۆڵینەکان یەک لەدواى یەک دەتوێنــەوە و بـەخێرایـى بەرەو رسـول الله(صلی اللە علیە وسلم) دەچن.

ئەوانەى چەندەها ساڵە هەزارەها جار شوێنیان گۆڕى و، وێڵى لقێکن کە خۆیانى پێوە ڕاگیربکەن، ئەوانەش کە وا لەم سیستەم بۆ ئەو سیستەم و، لەم ڕێباز بۆ ئەو ڕێباز لە هەناسەبڕکێدان، زوو بێت یان درەنگ، مایەپووچى و بێ ئاکامیى کرد و کۆششەکانیان دەبینن و، بە پرتاو بەرەو مەکتەبەکەى حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) ڕادەکەن، ئەو مەکتەبەى کە هەرگیز نشوستى بەخۆیەوە نەدیووە. ئەوە مۆریس بۆکاى و رۆجى گارودى و چەندەهاى ترى نەناسراویش...

بەڵام داخۆ ئێمە وەک پێویست ئەو سوڵتانى دڵانەمان ناسیوە کە سوڵتانەکان فێرى سوڵتانداریى دەکات؟ جا بۆچى ئێوە سەغڵەت بکەم! ئایا منێک کە لە پێنج ساڵییەوە سەرم لە سوجدەدایە و، خۆم بە "قطمیر" ى گەردن بەستراوى دەرگانەکەى دەزانم، توانیومە بە تەواوى بیناسێنم؟ یاخود تا چەند سەرکەوتوو بووم لە گەیاندنى ئەوەى کە دەیزانم؟ جا لێرەدا ڕووى گوفتارم دەکەمە هەموو ئەوانەى وان لە مەقامى ناساندنى ئەودا و، خۆشم دەخەمە ڕیزیانەوە و دەڵێم: ئایا توانیومانە ئەو سەروەرەى کە شاهى تەختى دڵانە، بە شێوەیەک شایانى قەدر و قیمەتى ئەو بێت، بە مرۆڤى ئەم سەردەمە بناسێنین و، بڵێسەى تاسە و شەیدایى لە ناخیاندا تاو بدەین؟..

نەخێر! ئەگەر مرۆڤایەتى ئەوى بناسیایە، دەبووە مەجنوونى و دەیدایە ئەو کەژ و هەردە. هەر کاتیش یادى شیرینى ئەو ڕۆحەکانى پێچابێ، دڵى دەکەوتە جۆش و، چاوەکانى ئەسرینیان بۆ دەڕشت. ئیتر ئەو کات بۆ چوونە ناو جیهانى پاکى پێغەمبەرایەتییەکەیەوە، دەکەوتە پەرواز و لە پێناو گیان بەبەردا کردنەوەى خۆڵەمێشى دڵەى سووتاوى، کە لەتاو عەشقى ئەو گڕى سەندبوو، خۆى دەدایە بەر شنەى با تا بەرەو هەوارگەى ئەوینى ئەو ڕاپێچى بکا...

لەکاتێکدا ئادەمیزاد هێندەی ئاشنایى و ناسینى، خۆشەویستى ئاڕاستەى شتان دەکات، بەرامبەر ئەو شتانەش کە نایزانێت و ئاشنایى نییە، هەردەم جۆرێک لە دوژمنایەتى نواندووە. هەر بۆیە ئەو خاڵەى کە دوژمنان بە درێژایى تەمەنیان هەوڵەکانیانى تیادا چڕدەکەنەوە، بریتیە لە سڕینەوەى "نامى جەلیلی موحەممەدى" لە یادگەکاندا و، گۆشکردنى نەوەى نوێ لەسەر دوژمنایەتى کردنى فەخرى کائینات(صلی اللە علیە وسلم). بەڵام ئەوە چ درەوشانەوەیەکى لوتف ئامێزە کە سەرەڕاى خواستى دوژمنان بۆ ڕیشەکەن کردنى ناوى ئەو لە دەروونەکاندا، کەچى وا ئەمڕۆ تێکڕاى بەربەستەکانى گەیشتن بەو تەى کراون! نەخوازەڵا لاوان کە وەک دڵخۆشیى یەکێک کە لە بیاباندا لە تینواندا خەریک بووبێت بمرێت، لە پڕێکدا و بە شێوەیەک کە هەرگیز چاوەڕوانى نەکردبێت، لە پەنا سەریدا ئاوێکى سازگاری کەوسەر ئاساى دەستکەوتبێت، ئاوەها بەو چەشنە خۆیان هەڵدەدەنە ئامێزى پڕ سۆزى ئەوەوە. بێگومان ئەو سینە پر سۆز و میهرەش لە ئامێزیان دەگرێت و، هەرگیز ئەوانە مەحرووم ناکات کە بەرەو لاى ئەو دێن.

نازانم، قەت سەرنجى ئەو کەسانەتان داوە کە لە ڕۆژانى هەینیدا مزگەوتەکان سەرڕێژ دەکەن؟ ئەگەر بەدیقەتەوە سەرنجتان دابێت، ئەوا بینیوتانە کە زۆربەى ئەو کەسانە لە گەنجانن. داخۆ دەبێت ئەو پاڵنەرە چی بێت کە لەبەرامبەر پەلکێشکارى بەرنامە بۆ داڕاژراوى نەوەکان بۆ ناو گێژاوى ترسناکى گومڕایى و توغیاندا، واى لەو گەنجانە کردووە کە بەبێ گوێدانە ساردو سڕى زستان و، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەڵدەلەرزن لە سەرمادا، دەستنوێژ بگرن و لە ناهەموارترین بارودۆخەکاندا بەرەو مزگەوتەکان هەنگاو بنێن؟ گەر پێتان باش بێت من وەڵام دەدەمەوە: ئەوە جازیبەى قودسیى حەزرەتى موحەممەدە(صلی اللە علیە وسلم)...

ئەگەر عەقڵ و هەستەکانیشمان هەرگیز پەیى پێ نەبەن، ئەوا دەروونەکان بوونەتە پەروانەى دەورى ئەو شەمعە، ئەو خۆرە.. لە داهاتوویەکى زۆر نزیکدا، ئەو عەقڵە دەربەدەر و پەرێشانانەى کە تا ئێستا نەیانتوانیووە بەرەو ئەو بدەنە پرتاو و، بە وانەى مێشى زستان لەملاو ئەولادا پەکیان کەوتووە، بۆ ئەم حاڵەیان دەستى پەشیمانى دەگەزن و بە خۆیان دەڵێن: ” ئاخ و داخ! ئێمە بۆ نەبووینە پەروانە و بەرەو ئەو نەڕۆیشتین؟ ؛ بەڵام ئەو کات لەوانەیە بۆ هەندێکیان زۆر درەنگ بێت و هەموو شتێک کۆتایى پێ هاتبێت...

جیهان بە هەڵەداوان بەرەو لاى ئەو دێت. ئەوەتا ناوەندە زانستى و ئەکادیمییەکان لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکەن و، ئەو دەروونانەش کە واڵان بەڕووى جیهانى فیکردا شوێنى دەکەون و، زۆرێکیش لەوانەى کە تا ڕۆژانێک لەبەرەى دوژمنانیدا بوون، دەبنە دۆستى زۆر نزیک و دەچنە داڵدەى ئەوەوە، هەروەک بەڕاستیش چوون... ئیدى ئەمڕۆ تەنانەت بە پێوانە و کێشانەکانى بەرەى بەرامبەریش حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) سەنگى خۆى هەیە و، ئەوانیش دان دەنێن بە قەدر و گەورەییەکەیدا... پێغەمبەرى خوا لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێ: ” بە دەکەس لە ئوممەتەکەم کێشرام، من سەنگینتر دەرچووم. ئەوجا بەسەد، لەپاشان بەهەزار کەس کێشرام، دیسان هەر من سەنگینتر بووم. لەبەرامبەر ئەمەوە ئەو دوو مەلائیکەتەى بەم کارە ڕاسپێررابوون، وتیان: وازبێنە، خۆ ئەگەر بە هەموو ئوممەتەکەشى بکێشرا، هێشتا هەر ئەم قورستر دەبێت.؛ جا خۆ ئەوەش هاتە دى. پێغەمبەرى خوا یەکێک لەو خەونانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دیویەتى: ” لە تایەکى تەرازوودا من و لە تاکەى تریشیدا هەموو ئوممەتەکەم دانرا، من سەنگینتر بووم.؛

بەڵێ، ئەگەر سەرجەم ئەصحاب و تابیعین و شوێنکەوتوانى تابیعین و ئەوانەى دواى ئەوانیش و، ئەو کەسایەتییە مەزنانەش کە تا ڕۆژى قیامەت دێن و ئەو خواناسانەش کە ڕێچکەى چوونە ناو دڵانیان دۆزیوەتەوە و تێکڕاى ئەولیا و ئەصفیا و موقەرڕەبین، هەر هەموویان لە تاى تەرازوویەکدا دابنرێن، ئەوا دیسان سوڵتانى دڵان، نوورى چاوان قورستر دەبێت. ئاخر بوون لەبەر حورمەتى ڕووى ئەو بەدى هێنراوە.

پێغەمبەرى خوا هۆى بەدیهاتنى بوونەوەرانە. لە وتەیەکدا کە وەک فەرموودە ناوبانگى دەرکردووە، بەم جۆرە باسکراوە: لولاک لولاک ما خلقت الافلاک. ” ئەگەر تۆ نەبوویتایە، بوونم بەدى نەدەهێنا.؛ بەڵێ، نووسینى کتێبێک کە تێگەیشتنى مەحاڵ بات، کارێکى بێ هودەیە. خواى گەورەش لەهەموو کارێکى بێ هودە و بەهەوانتە پاک و بێگەردە. بەم جۆرە، زۆر پێویست بوو کە ڕابەرێکى دەنگ زوڵاڵى وەک سەردارى زەمان و مەکان، حەزرەتى عالى مەقام(صلی اللە علیە وسلم) واتاى دێڕەکانى گەردوون ڕوون بکاتەوە. هەروەک چۆن بوونى ڕاڤەکارێک (شارح) و گەیەنەرێک (مبلغ) پێویست بوو، تا ڕاستییەکانى پشت پەردەى بوون ئاشکرا بکات. هەروەها ئەو مرۆڤەى کە گەردوونى بێ بن بە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانى ناویەوە بۆ خزمەتى ڕام کراوە، ئاگادار بکاتەوە لەوەى کە لە کوێوە هاتووە.. بۆ کوێ دەڕوات.. و نامزەدى چ شتێکە... کەوابا، ئەگەر ئەو نەبووایە، گەردوونیش و مرۆڤیش هیچ مانایەکیان نەدەبوو... بەڵێ، حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) ئەو مرۆڤەیە کە واتاى بۆ شتان گەڕاندەوە. ئەو لە نازدارترین خۆشەویست خۆشەویسترە لامان.

لێرەدا ـ لەگەڵ دان نانم بەوەى کە خۆم بە گوناهبارترینى باوەڕداران دەزانم ـ هەستێکم هەیە، بێ باسکردنى تێناپەڕم. نیازیشم لە گێڕانەوەى ئەوەیە: ئەگەر من تا ئەو ڕادەیە پێغەمبەرى خوام خۆشبوێت، کا دەزانا مەشخەڵى ئەوینى ئەو لەو دڵانەدا کە لێهاتنیان هەیە، تا چ پلەیەک بڵێسەى سەندووە!.. بۆیە دەبێت لەم سۆنگەیەوە بڕوانرێتە ئەو حاڵەتە ڕۆحییەى دەیگێڕمەوە. گەرنا، پێم شەرمە لە حزوورتاندا باسى شتێک بکەم کە پەیوەندى بە خۆمەوە هەبێت.

ئەو کاتەى خواى گەورە کردی بە نسیبم دەموچاوى گوناهکارم بسووم بەو خاکە موبارەکەدا، شارەکەى پێغەمبەرى خوا هێندە درەوشاوە بوو لەلام و چێژێکى ڕۆحیى وام چەشت، کە ئەگەر لەو کاتەدا ـ بە فەرزى مەحاڵ ـ لە هەموو دەروازەکانى بەهەشتەوە بانگهێشت بکرامایە، باوەڕبکەن نەدەچووم بۆ هیچ کامێکیان و، مانەوەم لە شارەکەى رسول الله دا پەسەند دەکرد. لەڕاستیدا بەهەشت ئاوات و ئارەزووى هەموومانە، تاکە موسوڵمانێکیش نییە کە ئەم ئاواتەى نەبێت. ئەى مەگەر هەموو بەیانى و ئێوارانێک لە دوعاکانماندا، لە پەروەردگار ناپاڕێینەوە کە پەنامان بدات لە دۆزەخ و بمانخاتە بەهەشتەکەیەوە؟ لەگەڵ قبوڵکردنى هەموو ئەمانەدا، دەڵێم: ئەگەر لەو کاتەدا بانگ بکرامایە بۆ بەدەست هێنانى ئەو پێیە بەرزەى کە لە دواڕۆژدا بەدەست دێت، لەوانەیە مۆڵەتم لە پەروەردگارم بخواستایە و عەرزى ئارەزووى مانەوەم بکردایە لە ڕەوزەى پاکى رسول الله دا. تکا دەکەم وا گومان نەبەن بەمانە شایستەیى و لێهاتوویى خۆم بۆ ئەو مەقامە بەرزانە دەربڕیبێت. بەڵکو تەنها ویستوومە ئاماژەیەک بۆ ئەو خۆشەویستییە بکەم کە بۆ پێغەمبەرى خوام هەیە. ئەگەرنا بەدرێژایى ژیانم لەو کەسانە بووم کە دوعا دەکەن و دەپاڕێنەوە کە خواى گەورە شەرەفمەندیان بکات بەوەى کە ببنە کۆیلەى گەردن بەندى بچوکترین صەحابیی پێغەمبەرى خوا. زۆرجاریش ئەم دوعایە ویردى سەر زبانمان بووە: ” پەروەردگارا، بۆ ساتێکیش بێت، لە خولیای دەموچاو سوینمان بە تۆزى بەر پێیان بەدوورمان مەگرە.؛ ئامین.

لە "ماڵى خوا"شدا ناخم لە هەمان جۆش و خرۆش تەژى بوو. لەوانەیە ئەمانە هەست و نەستى هاوبەشى هەموومان بێت. ماوەتەوە بڵێم، ئەوانەى پڕاوپڕ لەم هەستانەدا دەژین تەنها من و چەند کەسێکى هاوشێوەى من نین، بەڵکو پێغەمبەرى خوا(صلی اللە علیە وسلم) شەیدا و ئەویندارى واى هەیە، ئەم حاڵەتە ڕۆحییەى من گێڕامەوە بەلاى ئەوانەوە زۆر کرچ و کاڵ و سەرەتایی دەبێت.

جا مادەم باس گەیشتە ئێرە، پێم خۆشە بیرەوەرییەکى تریشتان عەرز بکەم: لەگەڵ کاک عارف حیکمەت کە ئەو کاتە ئەندام پەرلەمان بوو، لە حەج پێکەوە بووین. کاک عارف پەیمانى دابوو کە: ” ئەگەر بچمە مەدینە، شەرت بێ وەک گوێدرێژ لە خۆڵەکەیدا خۆم بگەوزێنم.؛ جا هەر کە پێى نایە خاکى مەدینەوە، پەیمانەکەى هێنایە جا و، ئەو ڕۆحە بەرزە خۆى لە خۆڵدا گەوزاند و تەپاوتلى تیا دەکرد. لارە و لەوا هەرکات ئەو دیمەنەم داتەوە یاد، خۆم پێناگیرێ و چاوانم پڕ دەبن لە فرمێسک.

حەزرەتى موحەممەد پێغەمبەرێکە. بەڵام پێغەمبەرێک کە گشت پێغەمبەرانى پێش خۆى، لە منارەى پێغەمبەرایەتییانەوە مزگێنى هاتنیان داوە. خواى گەورە لە قورئانى پیرۆزدا ئەو پەیمانەمان بۆ تۆمار دەکات کە لە سەرجەم پێغەمبەرانى وەرگرتووە سەبارەت بە باوەڕهێنان و پشتیوانى کردنى ئەو پێغەمبەرەى کە خۆیان مژدەى هاتنیان داوە:

وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ النَّبِيِّينَ لَمَا آتَيْتُكُم مِّن كِتَابٍ وَحِكْمَةٍ ثُمَّ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مُّصَدِّقٌ لِّمَا مَعَكُمْ لَتُؤْمِنُنَّ بِهِ وَلَتَنصُرُنَّهُ ۚ قَالَ أَأَقْرَرْتُمْ وَأَخَذْتُمْ عَلَىٰ ذَ‌ٰلِكُمْ إِصْرِي ۖ قَالُوا أَقْرَرْنَا ۚ قَالَ فَاشْهَدُوا وَأَنَا مَعَكُم مِّنَ الشَّاهِدِينَ (ال-عمران:81 )

” (یادیان بێنەوە کاتێک خوا په‌یمانی له یه‌که یه‌که‌ی پێغه‌مبه‌ران وه‌رگرت، کاتێک کتێب و دانایی پێبه‌خشین به‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر: له ئاینده‌دا پێغه‌مبه‌رێکم بۆ ڕه‌وانه کردن و به‌ڕاستدانه‌ری ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش بوو، ئه‌وه ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنن و پشتگیری بکه‌ن، ئینجا خوا فه‌رمووی: ئایا بڕیارتاندا و په‌یمانی منتان به‌و جۆره وه‌رگرت که پێم ڕاگه‌یاندن؟ وتیان: بڕیارماندا و (هه‌روا ده‌که‌ین) ئه‌وسا خوا پێی فه‌رموون: ده به‌شایه‌ت بن و منیش له‌گه‌ڵتان یه‌کێکم له شایه‌ته‌کان.؛

ئیتر ئەو پێغەمبەرانەش لەو پەیمانەیاندا کە بە پەروەردگاریان دابوو، ڕاستگۆ بوون و لە هەموو جووڵە و کردەیەکیاندا لەو چوارچێوەیەدا مانەوە. ئەوەتا کاتێک سەروەرمان میعراجى کرد، هەموویان بە ڕۆحیانەت لەدوایەوە نوێژیان کرد. بەڵێ، وەک بڵێى هەموو پێغەمبەران(صلی اللە علیە وسلم) لە پێشى هەمووشیانەوە، حەزرەتى ئیبراهیم و حەزرەتى نوح و حەزرەتى موسا و حەزرەتى عیسا دەیانویست ببنە بانگبێژ و قامەت خوێنى. حەزرەتى مەسیح لە ئینجیلدا ئەو پێغەمبەرە قەدر بەرزەى دەخستە بەر چاو و، دەیوت: ” من دەڕۆم تا سەردارى زەمان بێت.؛ بەڵێ، ئەو دەمەى بەرەو ئاسمان بڵند بووەوە، دامێنى ئاسمانەکان پڕ بوون لە گەوهەر و ئەستێرەکان بەوێنەى بەردى سەرڕێ، لەژێر پێیدا ڕاخران . کاتێکیش خۆر گەیشتە ئاسۆى حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم)، خولیا و سەوداى سەرى بووبووە ئەوەى ببێتە گەوهەرێک لە تاجەکەى موستەفادا. بەڵێ، هەموو ئەمانە وەک پەروانە بەدەورى پێغەمبەرایەتییەکەیدا پەرواز ببوون و دەسووڕانەوە. ئیتر لەمانەوە چى دەربچێت:

” لەتاو شەمعەى نوورى ئەحمەد جبریل بووە پەروانە،

لەتاو جەماڵى نوورى موحەممەد مەلەک پەروانە ئاس

سەرگەرمى سووڕانە...؛

هاودەم لەتەک ئەمانەشدا، لە ڕوانگەى خەسڵەتە ئادەمییەکانیشەوە لە لوتکەدا بوو و ڕابەرایەتى و پێشەنگیى ئامەى ئادەمیى دەکرد. بۆ نموونە، پێغەمبەرى خوا سەرۆک خێزێنێکى کامڵى بێ هاوتا بوو. ئەوەتا لە ماوەیەکى دیاریکراوى ژیانیدا، نۆ دانە ئافرەت لە ژێر نیکاح و بەڕێوەبردنى ئەودا بوون. لەگەڵ ئەمەشدا بوارى نەدا لە نێویاندا هیچ جۆرە دەمەقاڵێ و بارگرژییەک ڕووبدات. جا ئەگەر ئەو ڕۆڵانەى لەو خانەیەدا ـ کە ئیکسیرى نبووەتى تنۆک تنۆک لێدەچۆڕى ـ گۆش و پەروەردە کران، هەریەکە و بەسەر سەدەیەکدا دابەش بکرانایە، ئەوا دەبوونە موجتەهید و موجەددیدانێک کە بەس بن بۆ ڕۆشن کردنەوەى ئەو سەدەیە. داخۆ دەبێت چەند کەس لەم ڕووەوە پێغەمبەرى خوایان ناسیبێت!..

حەزرەتى فەخرى عالەم(صلی اللە علیە وسلم) لە هەمان کاتدا سەرکردەیەکى سەربازیى بێوێنە بوو. ئەوەتا بە مشتێک مرۆڤەوە کە وەک خەرمانەى مانگ دەوریان دابوو، جەنگى بەڕووى جیهاندا ڕاگەیاند و، تەخت و سەراى چەندین گەورە سوڵتانى یەکسانى خاک کرد و، چەندینى تریشیانى کردە بەندەى بەر دەرگانەکەى. ئەمە لەکاتێکدا کە بە ڕواڵەت هونەر و زانستى جەنگیى لە کەسەوە فێرنەببوو.

ئینجا پێغەمبەرى نازدار، ئەو مرۆڤە مەزنە بوو کە زانستەکان لاى ئەو دەگەیشتنە پێیان. دەتوت لە شاشەیەکدا تەماشاى ئەو ڕووداوانە دەکات کە تا ڕۆژى قیامەت دێنە سەر شانۆى بوون. یان هەروەک ئەوەى لە تۆمارێکى غەیبیدا بیانخوێنێتەوە، ئاوا لەیەک بە یەکیان دەدوا. تەنانەت دواى تێپەڕبوونى ئەو هەموو سەدەیەش بەسەر کۆچکردنیدا بۆ خانەى جاویدانی، کەچى وا ئەمڕۆ هەموو لایەکمان لەو کۆتا خاڵەدا کە زانست و تەکنەلۆجیاى پێشکەوتووى سەردەم پێى دەگات، ئەو بەیداخە شەکاوەیە دەبینین کە رسول الله(صلی اللە علیە وسلم) چواردە سەدە لەمەوپێش هەڵى کردووە.. ئیدى ئەوانەیان کە خواى گەورە هیدایەتى لەچارە نووسیون، " کەلیمەى قودسییەى تەییبە" دەهێنن و، هەر یەکێکیان دەبێتە ئەڵقەیەکى نوورین لە زنجیرە کاروانى موسوڵماناندا. ئەمەش نموونەیەک لە ناو هەزاران نموونەدا:

لە کاسێتێکى ڤیدیۆیدا تەماشاى دکتۆرێکى بەڕەگەز کەنەدیم کرد کە ناوى " کیپ مۆر"بوو. ئەم دکتۆرە پسپۆڕى زانستى کۆرپەلەزانی و پڕۆفیسۆرى توێکارییە لە کۆلاژى پزیشکیى زانکۆى تۆرۆنتۆ. مۆر کاتێک لە ئایەتەکانى قورئانى پیرۆزەوە گوێبیستى قۆناغەکانى گەشەى کۆرپەلە دەبێت لە سکى دایکدا، کە ڕاستییەکى زانستییە و تەنها لە ڕێگەى تەکنەلۆجیای پێشکەوتووى ئەم سەردەمەوە دۆزراوەتەوە، یەکسەر " أشهد أن لا اله الا الله وأشهد أن محمدا رسول الله " دەڵێت و تەسلیمییەتى خۆى بۆ پێغەمبەرى خوا دەردەبڕێت. هەروەها زانایەکى فیسیۆلۆجى یابانیش، کاتێک ئایەتەکانى قورئان سـەبـارەت بە بوارەکەى خۆیەوە دەبینێت ” أشهد أن لا اله الا الله " ـ هەرچەندە لەسەر زاریشى گران بوو ـ دەڵێت و، ساتێک دوودڵ نابێت لەوەى کە بێتە ناو ئیسلامەوە.

بەڵێ، هەروەک ئاشکرایە، لەو شوێنەدا کە زانستەکان دەچەقن و پەکیان دەکەوێت، قورئانى پیرۆز چەندین دەروازەیان بەڕوودا واڵا دەکات. کۆتا خاڵیش کە زانست و زانیارى پێى بگات، لەگەڵ خاڵى دەسپێکى پێغەمبەرى خوادا یەکدەگرێتەوە. باشە، بەڵام کا ئەمانەى فێرکردووە؟ ئەو دەرسى لە زاتى " العلیم" و " الخبیر"ەوە وەگرتبوو و، "موعەللیمى ئەزەلى" لەودیو ڕەحلەى تەدریسەکەیەوە بوو. هەربۆیە دەستى زەمەن نەگەیشتە چمکى مەعریفەتەکەى تا کۆنى بکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە، بە تێپەڕبوونى ڕۆژگار پاراوتر و نوێتر دەبێتەوە. هەتا دنیاش دنیا بێت، هەمیشە لە تازەبوونەوەدا دەبێت.

ئینجا حەزرەتى حبیب الله(صلی اللە علیە وسلم) بە شێوەیەک کە بۆ هیچ کەسێکى تر نەڕەخسابێت، لەلایەن هاوەڵانییەوە خۆشدەویسترێ. بۆ نموونە: لە کۆتایى ڕووداوى "ماء الرجیع"دا، کاتێک کافرانى دڵ پڕ لە قین "خوبەیبى کوڕى عەدی"یان ڕاپێچى پەتى سێدارە دەکرد، ئەم پرسیارەیان ئاڕاستە کرد: ” ئایا پێت خۆش بوو ئێستا موحەممەد لە جێگەى تۆدا بووایە و، تۆش لەناو ماڵ و مناڵى خۆتدا بە ئاسوودەیى بژیایتایە؟ ؛ وەڵامى ئەم پرسیارە، ڕوون و یەکلایى و بێ پەروا بوو:

” نەخێر، وەڵڵاهى لەپێى ڕزگاربوونى مندا، ڕازى نابم تەنانەت دڕکاکیش بچێت بە پێى پێغەمبەرى خوادا.؛

جا لەپێش نواندنى ئەم تابلۆ مەردانەیە لەسەر سەکۆى سێدارەدا، حەزرەتى خوبەیب(رضی اللە عنە) دەستەکانى بەرز دەکاتەوە و، دەڵێت: ” خوایە گیان، بەبێ ماڵئاوایى کردن لە خۆشەویستەکەت هاتم بۆ ئێرە. دەسا سەلامى منى پێ بگەیەنە.؛ پێغەمبەرى خوا کە لەو کاتەدا لەناو ئەصحابدا دانیشتبوو و قسەى دەکرد، لە پڕ هەستایەوە سەر پێ و، فەرمووى: ” سەلامى خوا لە تۆش ئەى خوبەیب.؛ کاتێکیش هاوەڵان پرسیاریان کرد، بەچاوى پڕ فرمێسکەوە فەرمووى: ” موشریکەکان خوبەیبیان شەهید کرد. لەدوا ساتەکانیدا سەلامى بۆ ناردم، منیش وەڵامى سەلامەکەیم دایەوە.؛

دیمەنێکى تر، کە تا ئاستاش دڵگوشادیى دەبەخشێتە دەروونى هەموو ئیماندارێک: کاتێک حەزرەتى "سومەیرا" لە غەزاى ئوحوددا دەنگۆى شەهیدکردنى پێغەمبەرى خوا دەبیستێت، دەستبەجێ خۆى دەگەیەنێتە دامێنى چیاى ئوحود... جا کـە لەوێ پێى دەڵێن: ”باوکـت؛..”مێردەکەت؛..” کوڕەکانت؛ شەهیدبوون و، تەرمەکانیانى پێ نیشان دەدرێت، ئەم شێرە ژنە گوێ بە هیچ کام لەمانە نادات و، بەملاو ئەولادا هەر بەدواى پێغەمبەرى خوادا دەگەڕێ و، لەبەر خۆیەوە ورتەى دەهات و ، دەیوت: ” رسول الله چى بەسەر هاتووە؟ ؛ ئینجا کە شوێنى پێغەمبەرى خوایان نیشاندا، بە ڕاکردن بەرەو ئەوێ ڕۆیشت و لەبەردەمیدا خۆى دا بە زەویدا و، دەیوت: کل مصیبە بعدک جلل. ” ئیتر پێش ئەوەى تۆ لە ژیاندایت، هەرچى بەڵاو موسیبەت هەیە، سووک و بێ ئەرزشە.؛ بەڵێ، رسول الله(صلی اللە علیە وسلم) ئا بەو شێوەیە لە دڵ و دەروونەکاندا جێى خۆى کردبووەوە.

نموونەیەکى تر: مەردى ئاسۆکان، لەودیوى ئاسمانەکانەوە بانگهێشت کرابوو و، ئیدى ئەو دۆستانەى بەجێ دەهێشت کە ٢٣ ساڵ پێکەوەییان هەبوو. لەبەر ئەمە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا کەمێک بە دڵتەنگى و خەفەتەوە دەچووە لاى هاوەڵانى. ئەم حاڵەتەى پێغەمبەرى خوا هێندە کارى لە ئەصحاب دەکرد و هەستى دەبزواندن، بە جۆرێک کە پێغەمبەر دەچووەوە خانەى سەعادەتى، دەتووت لە سینەى هەر یەکێکیاندا شنەى خەزان هەڵى کردووە. موعاذى کوڕى جەبەل(رضی اللە عنە) لەلایەن پێغەمبەرى خواوە ڕاسپێردرابوو کە بچێت بۆ یەمەن. ئیتر ئەویش لەو نێوانەدا هاتوچۆى دەکرد. کاتێک دەڕۆیشت پەیامەکانى پێغەمبەرى دەبرد و کە دەشهاتەوە ئەو مەسەلە و گرفتانەى دەهێنا کە چاوەڕوانى چارەسەر بوون. بەر لەوەى دوایەمین گەشتى ئەنجام بدات، چووە خزمەت پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم)، داواى دوعاى لێدەکرد، ئنجا دەڕۆیشت. بەڵام ئەمجارەیان حەزرەت جیاواز لە جارانى پێشوو، پێى فەرموو: ” لەسەر خێر بڕۆیت ئەى موعاذ، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڕانەوەتدا لەوانەیە تەنها بتوانیت سەردانى مزگەوتەکەم و گۆڕەکەم بکەیت.؛ ئەم چەند وشەیە، برووسکەیک بوو و داى لە حەزرەتى موعاذ. لە پەلوپۆ کەوت و فرمێسک لە چاوانى دادەبارین و دەتوت ئەژنۆى شکاوە. چوون بۆ یەمەن با لەولاوە بوەستێت، تەنانەت تواناى نەبوو لە شوێنى خۆشى هەستێت.

لەلایەکى ترەوە، پێغەمبەرى خوا هەروەک موو لە ماست دەربهێنێت، ئاوها بە ئاسانى سەرجەم ئەو گرفت و کێشانەى چارەسەر دەکرد کە تایبەت بوون بە ژیانى کۆمەڵایەتییەوە. "بەرناردشۆ" کە سیازدە سەدە دواى ئەو هاتووە، تەنها یەکێکە لەو سەدان مرۆڤەى بەرەى بەرامبەر، کە بەو وتانەى خوارەوەى ئەم ڕاستییەى قبووڵ کردووە: ” مرۆڤایەتى چەندە ئاتاجى حەزرەتى موحەممەدە، کە هەموو کێشەو گرفتە کەڵەکەبووەکانى ئەم چەرخەى بە وێنەى سانایى خواردنەوەى کوپێک قاوە چارەسەر دەکرد.؛ فەزیلەت و گەورەیى ئەوەیە کە دوژمنیش دانى پێدا بنێت.

بەڵێ، ئەو کاتەى مرۆڤایەتى بۆ لاى حەزرەتى موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) دەگەڕێتەوە، بە ئاسوودەیى و دڵنیایى شاددەبێتەوە. ئیتر ئەوکات دەستى دەگاتە ئاسۆ پرشنگەکان و، لە دەربەدەرى و گاڵتەجاڕیى دەستى ڕۆژگار و پەژمووردەیى دنیاو ئاخیرەت ڕزگارى دەبێ و بەرەو ئاسمانى مرۆڤایەتى بەرزدەبێتەوە. تەنانەت لەگەڵ کۆسپ و ڕاگریى هەموو هێزە نەیارەکانیشدا، سروەى ئەم دووهەمین بوژانەوەیە دەستى پێکردووە. ئەوەتا قورئانى پیرۆز دەفەرموات:

يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ * هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَىٰ وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ الْمُشْرِكُونَ (الصف: 8-9)

” ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت به‌ فوو، به‌ قه‌ڵه‌ی ده‌م نووری خوا بکوژێننه‌وه‌!! (خه‌یاڵیان خاوه‌) خوا نووری خۆی، ئاینی خۆی، ته‌واو ده‌کات و ده‌یچه‌سپێنێت هه‌رچه‌نده کافر و بێ بڕواکان پێی سه‌غڵه‌ت بن و پێیان ناخۆش بێت. هه‌ر ئه‌و خوایه پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی خۆی ڕه‌وانه کردووه هاوڕێ له‌گه‌ڵ هیدایه‌ت و ڕێنموویی و ئاینی حه‌ق و ڕاستیدا، تا سه‌ری بخات به‌سه‌ر هه‌موو ئاین و به‌رنامه‌کاندا، هه‌رچه‌نده موشریک و هاوه‌ڵگه‌ڕان پێیان ناخۆش بێت.؛

بەڵێ، خواى گەورە دینەکەى خۆى سەردەخات، سینەو دڵە ئاتاجەکانیش کەمەندکێشى دەبن و، بەختەوەرى و دڵنیایى خۆیان لەودا دەبیننەوە و دەگەنە ئاستێک، هەر لە دنیادا وا دەزانن چوونەتە بەهەشتەوە. جا کافر و ستەمکارانى دنیای ئەولا و، مونافیقانى ئاسیاش کە ئیستیثمارى مرۆڤەکان دەکەن و بێئاگایانى ناوخۆشمان پێیان خۆش بێت یان نا، ڕۆژێک دێت ئەو شاهى شاهانەى لەلایەن پێغەمبەرانەوە بە "سوڵتانى ئەنبیا" ناسراوە و، ڕۆژى پێنج جار ناوى پڕشکۆى بە گوێى جیهاندا دەدرێت، دەچێتە ناو گشت دڵەکانەوە و دەبێتە خۆشەویست و لە دڵدا هەڵگیراوى هەموو لایەک.

ئەو کانگاى دڵنیایى و ئارامیشە. ئێمە باوەڕى تەواومان هەیە بەوەى کە ئەو پەیامەى ئەو هێناویەتى، لەهەمان کاتدا سەرچاوەى ئاسودەیى و دڵنیاییشە. مێژووش گەورەترین شاهیدى ئەم ڕاستییەیە. تاکە ڕێگەى دووبارە چەشتنەوەى ئەم ئارامیەش بە مرۆڤایەتى، بریتییە لە ناساندنى ئەو سەروەرە و ئەو نوورەى هێناویەتى. چونکە هەرکات مرۆڤایەتى چاکتر ئەو پێغەمبەرەى ناسى، خۆشەویستى بۆى زیاتر دەبێ و، لە سایەى ئەو خۆشەویستییەشدا سیماى کۆمەڵگە دەگۆڕێت.

جا لە چوارچێوەى ئەم پێشەکیەدا کە پێشینان بە "دیباجە" ناویان دەبرد، پشت ئەستوور بە لوتف و کەرەمى پەروەردگار، هەوڵماندا بەکورتى چەند شتێکى پێڕست ئاسا دەربارەى لایەنە جیاوازەکانى سەروەرى هەردوو جیهان، مایەى شانازى بوونەوەران عەرز بکەین.

لەڕاستیدا، هەر وتەیەک باس لەو بکات جوان و شیرینە. ئەوەش کە جوان و پەسەند نییە، دەبێت بدرێتە پاڵ دەربڕین و شێوازەکەى. جا ئەگەر لە دەربڕین و شێوازدا کەموکورتییەک هەبێت، ئەوا بەتەواوى بۆ من دەگەڕێتەوە، ئەوەشى تایبەتە بە پێغەمبەرى خواوە(صلی اللە علیە وسلم) تەنها و تەنها جوانییە.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.