پەیوەندی نێوان ڕۆزی حەڵاڵ و کردەوەی چاک

پەیوەندی نێوان ڕۆزی حەڵاڵ و کردەوەی چاک

پرسیار: لە ئایەتی { يَا أَيُّهَا الرُّسُلُ كُلُوا مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَاعْمَلُوا صَالِحًا إِنِّي بِمَا تَعْمَلُونَ عَلِيمٌ } (المومنون: ٥١) خوای گەورە ڕوو لە پێغەمبەران دەکات و پێیان دەفەرموێت: (لە ڕزق و ڕۆزی چاک و پاک بخۆن و بخۆنەوە و کردەوەی چاکیش ئەنجام بدەن، بەڕاستی خوا زانایە بەوەی دەیکەن). لە نێوان ڕزقی حەڵال و کردەوەی چاکدا چ جۆرە پەیوەندیەک هەیە؟

وەڵام: قورئانی پیرۆز و سونەتی صەحیح بەوردی و بایەخ پێدانەوە باسی حەڵاڵ و حەرامیان کردووە، زانایانی شارەزای قورئان و سوننەتیش بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بایەخەوە دەڵێن موسوڵمانێتی بریتیە لە زانینی حەڵاڵ و حەرام و ژیان بەسەربردن بە گوێرەیان. وتەیەکی پوخت و پڕمانا هەیە کە دەڵێت:

اَلدَّينُ اَلمُعاَمَلَةُ

واتە دینداری و موسوڵمانێتی وابەستەی هەڵسوکەوتن. حەزرەتی عومەریش(خوا لێی ڕازی بێت) بایەخی ئەم بابەتەی بەم جۆرە دەربڕیووە: "تەنها سەیری نوێژ و ڕۆژووی کەسێک مەکەن، بەڵکو سەیری ئەوە بکەن کە ئایا ئەو کەسە لە قسەکانیدا راستگۆیە و، ئەمانەت دەپارێزێ و، کاتێکیش سەرقاڵی کارێکی دنیایی دەبێت ڕەچاوی حەڵاڵ و حەرام دەکات یان نا." بێگومان نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج لە لایەن خوای گەورەوە عیبادەتگەلێکی زۆر بەنرخن و فەزیلەتێکی زۆریشیان هەیە. بۆیە کەس ناتوانێت بچووک سەیری ئەمانە بکات. بەڵام ڕەچاوکردنی حەرام و حەڵاڵ لە خواردن و خواردنەوە و پۆشاک پۆشیندا پێویستە، دیسان پێویستە خۆمان لە سنووربەزاندنی مافی خەڵکی بەدووربگرین و ژیانێکی وا بەسەربەرین کە هەمیشە لەسەر هێڵی حەق پەرستی بێت، واتە بە پێی حەڵاڵ و حەرام ژیان بەڕێوەببرێت، ئەگەر ئەمانە بەهۆی موسوڵمانێتیەوە نەیەنە ئاراوە، ئەوا هەرگیز بەهیچ شتێکی تر چنگ ناکەون. خۆ گونجاویشە گەر بوترێت ژیانێکی شیاوی پڕ ئاکاری جوان، زەحمەتترە لە ئەنجامدانی پەرستشە کەسیەکان. بەم جۆرە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دروست و شیاو پەیڕەویی ئیسلام بکەین ، پێویستە هەمیشە بەدوای حەڵاڵدا بگەڕێین و دژی حەرامیش بوەستینەوە و نەبەزین و وازنەهێنین، بەهەر نرخێکیش بێت ڕێگە نەدەین تاکە پارویەکی حەرامیش بە قوڕگماندا بچێتە خوارەوە.

ئەگەر سەیری حاڵ و هەڵسوکەوتی پیاوە گەورەکان بکرێت، دەبینرێت کە ئەوان بوونەتە ڕابەرێکی گەورە بۆ کەسانی تر. خۆ ئەوەندە هەستیار جوڵاونەتەوە و ئیرادەیەکی واشیان پیشانداوە کە تەنانەت لەکاتی نەزانیشدا خوای گەورە ئەوانی لە حەرام پاراستووە. بەڵێ، لەناو ئەواندا کەسانی وا هەبوون کە کاتێک بەنەزانی دەستیان بۆ حەرام درێژدەکرد، دەستیان دەلەرزی و ترپەی دڵیان زیادی دەکرد، ئەوانیش تێدەگەیشتن کە ئەوە حەرامە و یەکسەر دەستیان دەکێشایەوە. بەهەمان شێوەش هەندێکیان کە بەهەڵە لوقمەیەکی حەرامیان بۆ دەمیان بردووە، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە دەمیاندا جویویانە بەڵام نەیانتوانیوە قووتی بدەن. هەندێکیشیان کاتێک زانیویانە کە حەرام چووەتە ناو گەدەیان، دەستبەجێ تۆبەیان کردووە و هەوڵی دەرهێنانی حەرامەکەیان داوە. دەتوانن حەرزەتی ئەبوبەکر و عومەر(ڕەزای خوایان لێبێت) یاد بکەن و وەکو نموونەیەکی گەورە تێیانبڕوانن لەمەڕ ئەم کۆتا مەسەلەیەی کە باسمان کرد، جا لە سەردەمی جاهیلیدا کاتێک خزمەتکارەکەی حەزرەتی ئەبوبەکر هەندێ پارەی بەهۆی فاڵچیەتیەوە دەستکەوت و خواردنی پێکڕی و دای بە ئەبوبەکر و ئەبوبەکریش خواردی، هەروەها حەزرەتی عومەر بە هەڵە لەو شیرەی خواردەوە کە بۆ زەکات داینابوو، هەر کە بەم حاڵەیان زانی یەکسەر پەنجەیان لە قوڕگی خۆیان نا و هیچیان نەهێشتەوە لە نێو گەدەیاندا و، دواتریش بێ سێ و دوو تۆبەیان لێکرد. کەواتە ئەم جۆرە هەستیاری و ڕاوەستانە بە ڕووی حەرامدا تابڵێی بابەتێکی گرنگە.

گەورەترین هۆکاری بەرزبوونەوە

لەلایەکی ترەوە هەستیار بوون بەرامبەر حەڵاڵ و حەرام زۆر گرنگە بۆ دەربڕینی گوێڕایەڵیمان بۆ فەرمانەکانی خوا و ڕێز گرتنمان لێی. جا ئەو هەوڵ و تەقەلایەش کە دەدرێت بۆ دەستخستنی حەڵاڵ و دوورکەوتنەوە لە حەرام، عیبادەتێکی ترە. هەروەک بەرگەگرتنی موسوڵمان بەرامبە قەدەغەکراوەکان و ئارامگرتنی لەبەردەم بەڵا و موسیبەتەکاندا هەرخۆی بە عیبادەت هەژمار دەکرێت، بەهەمان شێوەش بەردەوامبوون لە خەرجکردنی ڕەنج و تەقەلا بۆ بەدەستهێنانی پارویەکی حەڵاڵ بە عیبادەت دادەنرێت. دەکرێ ئەمەشیان ببەسترێتەوە بە فەرمایشتی پیرۆزی خوای گەورەوە(جل جلالە) کە دەفەرموێت:

إِلَيْهِ يَصْعَدُ الْكَلِمُ الطَّيِّبُ وَالْعَمَلُ الصَّالِحُ يَرْفَعُه ( فاطر: ١٠)

واتە (وتەی پاک و جوان بۆ لای خوای گەورە بەرزدەبێتەوە و، کردەوەی چاکیش ئەم وتەیە بەرزدەکاتەوە). لێرەدا ئەوە ڕووندەبێتەوە کە وشە پیرۆزەکانی حەمد و تەسبیح و تەکبیر و سڵاوات تەنها بەهۆی کردەوە چاکەکانەوە بۆ لای خوای گەورە بەرزدەبنەوە. کەواتە هەردوو جۆری پەرستش چ ئەرێنی بێت وەک نوێژ و ڕۆژوو و زەکات ، چ نەرێنی بێت وەک هەڵوێستەکردن لەبەرامبەر حەرام و هەوڵدانێکی بێوچان لەهەمبەر بەرگەگرتنیدا، لەهەمان ئاستی ئەم وشە جوان و باشانەن کە بۆ لای خوای گەورە بەرزدەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە نابێت بە سادەیی بڕوانرێتە بابەتەکە، بەڵکو پێویستە لە بابەتی حەڵاڵ و حەرامدا زۆر هەستیارانە هەنگاو بنرێت. بەڵێ، جیاکردنەوەی خواردنە خاوێن و پیسەکان و شتە چاک و خراپەکان لە یەکتری و  تێکەڵنەکردنیان و، هەستیار بوونێکی لەڕادەبەدەر لەم بابەتەدا، پاداشتی پەرستش بۆ مرۆڤ دەست دەخەن. جا ڕوانینە پێکهاتەی ئەو دەرمانانەی کە بەکاردەهێنرێن تاوەکو بزانرێت کە چ ماددەیەکیان تێدایە... و گەڕان بەدوای ماددە حەرامکراوەکان لەناو ئەو خواردنانەی کە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن... و سەرنجدان و ئاگاداربوونی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی کە لە گۆشت فرۆشەکان دەکڕدرێن بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا بە گوێرەی ڕێسای ئیسلامی سەربڕاون یان نا... و گرنگیدان بەپارەی حەڵاڵ لە کڕینی ماڵ و موڵکدا... و هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی ڕۆحی و دەروونی. بەپێچەوانەشەوە مافنەدانی تەواو بە ئیرادە و هەستیار نەبوون و گوێپێنەدان هەموویان دەبنە هۆی ئەوەی کە ژیانی مەعنەوی تاڵ بکەن و لایەنە ناسکەکانی مرۆڤ لەناوبەرن، بە واتایەکی تر لە زۆنگاوی گوناهدا نوقمی بکەن. جا لە سورەتی مائیدەدا خوای گەورە(جل جلالە) دەفەرموێت:

سَمَّاعُونَ لِلْكَذِبِ أَكَّالُونَ لِلسُّحْتِ (المائدە: ٤٢)

واتە: "ئەوان هەمیشە بە دڵگەرمی گوێ بۆ درۆ دەگرن و هەموو خواردن و خواردنەوەیەکیشیان هەر حەرامە". لەم ئایەتەدا حەرامخۆرەکان وەک ناپاکترین کەسانی کۆمەڵگە وێنا کراون. وشەی "سحت" کە لە ئایەتەکەدا بەمانای ڕۆزی حەرام هاتووە، جگە لەوەش لە هەندێ حەدیسدا پێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم)باسی دەکات و دەڵێت لەمیانەی مانەوەی پاروی حەرام لە لە خوێنی مرۆڤدا، تاعەت و پەرستش و دوعاکانی گیرانابن و قبوڵ ناکرێن. جا پێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم) سەرنجمان بۆ لای هەندێ بابەت ڕادەکێشێت و دەفەرموێت:

مَنْ أَكَلَ لُقْمَةً مِنْ حَرَامٍ لَمْ يُقْبَلْ لَهُ صَلَاةٌ أَرْبَعِينَ لَيلَةً وَلَمْ يُسْتَجَبْ لَهُ دَعْوَةٌ أَرْبَعِينَ صَبَاحًا وَكُلُّ لَحْمٍ يُنْبِتُهُ الْحَرَامُ فَالنَّارُ أَوْلَى بِهِ وَإِنَّ اللُّقْمَةَ الْوَاحِدَةَ مِنَ الْحَرَامِ لَتُنْبِتُ اللَّحْمَ

واتە: "هەرکەسێک لوقمەیەکی حەرام بخوات ئەوا چل شەو و ڕۆژ نوێژ و دوعاکانی قبوڵ نابن. خۆ دیارە شایستەترین شوێن بۆ جەستەیەک کە بە حەرام گۆش کراوە هەر دۆزەخە. جا پێویستە بزانین کە، تەنها یەک پاروی حەرام خۆراک بۆ گەشەی گۆشت و جەستەی مرۆڤ دابین دەکات ".

چارەنووسی تاڵ و دڵتەزێنی گەدەیەک کە حەرامی تێدایە

ئیمامی تیرمزی لە ئەبوهورەیرەوە خوای لێڕازی بێت فەرمودەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە کاریگەریە نەرێنیەکانی حەرام دەخاتە ڕوو و دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم) حاڵی ڕێبوارێکمان بۆ باسدەکات کە لەشی لە تۆز هەڵکشاوە و سەر و قژی بەملاولادا چووە و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردووەتەوە و (یاربی! یاربی!) دەکات، و دەفەرموێت:

وَمَطْعَمُهُ حَرَامٌ وَمَشْرَبُهُ حَرَامٌ وَمَلْبَسُهُ حَرَامٌ وَغُذِّيَ بِالْحَرَامِ فَأَنَّى يُسْتَجَابُ لِذَلِكَ

واتە: خواردن و خواردنەوە و پۆشاکی ئەم ڕێبوارە حەرامە و بە حەرام گۆشکراوە، باشە ئیدی بە چ جۆرێک دوعاکانی وەڵام بدرێنەوە.

لە فەرموودەیەکی تردا باسکراوە کە ئەو کەسەی بە بژێویەکی حەڵاڵ و پاکەوە حەج دەکات و دەڵێت: " لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ: فەرمان و فەرمایشتت بفەرموو پەروەردگارم.. پەروەردگارا بانگێشتت کردین و ئێمەش هاتین"، ئەوا لە ئاسمانەوە جاڕدەرێک وەڵامی دەداتەوە و دەفەرموێت:  

لبَّيْكَ وَسَعْدَيْكَ زَادُكَ حَلَالٌ وَرَاحِلَتُكَ حَلَالٌ وَحَجُّكَ مَبْرُورٌ غَيْرُ مَأْزُور

"بەخێرهاتیت، و دڵخۆشی لەتۆ! خۆراکت حەڵاڵ و، سوارییشت حەڵاڵە، حەجەکەشت بێ گوناهانە وەرگیراوە لای پەروەردگار. بەڵام کەسێک کە بە ماڵی حەرامەوە حەج دەکات و دەڵێت: "لَبَّيْكَ"، لە ئاسمانەوە جاڕدەرێک وەڵامی دەداتەوە و دەفەرموێت:

لَا لَبَّيْكَ وَلَا سَعْدَيْكَ زَادُكَ حَرَامٌ وَنَفَقَتُكَ حَرَامٌ وَحَجُّكَ غَيْرُ مَبْرُو

واتە: " لبیك" و "سعدیك" بەڕووتدا بێتەوە، بەخێرنەهاتیت و خۆشیت نەهێنا، خواردن و بژێویت حەرامە و حەجیشت پەسەند نیە.

بەڵێ، جا کەسێک کە خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و سوارییەکەی حەرام بێت، چۆن دوعاکەی گیرا دەبێت. هەروەها چۆن دەگونجێت کەسێک ئەوەندە حەرامخۆر بێت و دوعاش بکات و بڵێت: "خوایە پەیڕەوی فەرمانەکانتم کرد و هاتمە ئێرە، ئامادەی ئەمری تۆم. داوای بەخشندەیی و لێخۆشبوونی تۆ دەکەم، چاوەڕوانی بەزەیی و بەخشندەیی تۆم". خۆ ئەگەر واشی وت ئایا قسەکانی وەک پەڕۆکۆنێکی پیس بە دەموچاویدا نادرێنەوە؟ جا بۆیە لەم سۆنگەیەوە ژیان بەسەربردن لە چوارچێوەی حەڵاڵ و پەیداکردنی ڕزقی حەڵاڵ زۆر گرنگن بۆ ئەوەی پەرستشەکان بۆ لای خوا بەرزببنەوە. خۆ ئەم ئایەتەش کە لە پرسیارەکەدا هاتووە

يَا أَيُّهَا الرُّسُلُ كُلُوا مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَاعْمَلُوا صَالِحًا إِنِّي بِمَا تَعْمَلُونَ عَلِيمٌ

هەر ماژە بۆ ئەم تایبەتمەندیە دەکات. واتە گۆشبوون بە خۆراکی حەڵاڵ تابڵێی کاریگەریەکی زۆری هەیە لە قبوڵبوونی پەرستش و عیبادەتەکاندا.

شتێکی گرنگ و بەپێز دەبێت کە هەر لەم ڕووەوە پەنجە بخرێتە سەر بابەتێکیتر. قورئانی پیرۆز لە چەندین ئایەت و شوێندا فەرمانی کردووە بەخواردنی ڕۆزی حەڵاڵ. خۆ ئەمەش هەر لەبنەچەوە وابەستەیە بەو هەوڵ و تەقەلا بەردەوامەی کە مرۆڤ لەپێناو بەدەستهێنانی حەڵاڵدا دەیکات. لە ڕاستیدا هەروەک هەموو حەرامێک حەرامی تر بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، بەهەمان شێوەش هەموو چاکەیەک چاکەی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. چونکە هەموو شتێک بەدوای ڕەگەزی خۆیدا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات دەست خۆی بخات تاکو لەو بچێت و ببنە خاوەنی هەمان خەسڵەت و ببنە وابەستەی یەکتر. هەروەک مرۆڤەکان بەو شێوەیەن، ئاکار و کاروبار و جوڵەکانیش بەدوای ئەو شتانەدا وێڵن کە وەک خۆیانن. هەروەک لە ئایەتێکدا ئاماژەی بۆ کراوە، مرۆڤە چەپەڵەکان  بە پێی سروشتی خۆیان بەدوای شتی چەپەڵدا دەگەڕێن، هەروەها مرۆڤە پاک و تەمیزەکانیش بە پێی سروشتەکایان بەدوای شتی پاکدا دەگەڕێن. دەتوانن بشڵێن کە: پاکی و جوانی و باشی، جوانی تر بەدوای خۆیاندا دەهێنن و، هەرچی پیسی و سەرکەشی و خراپیشە بەردەوام بەدوی شتی پیسەوەیە. بۆیە کاتێک مرۆڤ بەدوای حەڵاڵدا ڕادەکات و لەم ڕووەوە هەوڵدەدات و ڕەنج دەکێشێ، بە تێپەڕبوونی زەمان چوارچێوەیەکی ساڵح و خێردار بەدەوریدا دروست دەبێت و ژیانیشی بەو ئاڕاستەیە بەڕێوە دەچێت. جا بۆیە هەر لەسەرەتاوە پێویستە بە باشی و تۆکمەیی جیاوازی لە نێوان حەڵاڵ و حەرامدا بکرێت.

بڵاوبوونەوەی حەرام نابێتە بەهانە بۆ ئەنجامدانی حەرام

بەداخەوە، بەگشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا تێکەڵبوونی حەڵاڵ و حەرام لەگەڵ یەکتری و لاوازبوونی هەستیاری و بەرپرسیارێتی دەربارەیان ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە. بەڵام پێویستە مرۆڤ بزانێت کە خەمساردی و تەمبەڵی کەسانی دی هەرگیز سوود بەو ناگەیەنن. هەروەک بیرمەندی سەردەم بەدیعوزەمانیش دەڵێت: "ئەگەر بڵێیت منیش لەگەڵ ئەو خەڵکەدا سەرپشکم لە بەڵا و موسیبەتدا و دواتریش بەم وتەیە دڵی خۆت خۆشبکەیت، ئەوا بزانە کە ئەم گوفتارە لەگۆڕدا تابڵێی بێ بنەمایە"(وتەی چواردەهەم). بۆیە ئەگەر ئەمە لەم دنیادا وەک دڵدانەوەیەک بۆ حەرامخۆری و سەیرکردنی حەرام و قسەی حەرام و وتە وتەی حەرامی خەڵکی دابنرێت، ئەوا بزانە کە لە قیامەتدا ئەم دڵدانەوانە هیچ سوودێکیان نابێـت. بەشداربوون لە موسیبەتی خەڵکانی تر نابێتە هۆی کەمکردنەوەی موسیبەتەکە لە ڕۆژی دواییدا. بەم جۆرە ئەرکی ئیماندار ئەوەیە بزانێت ئەو لوقمەیەی کە دەیخوات لەکوێ هێناویەتی و بۆ کوێ دەڕوات و چی بەسەردەهێنێت.

پێویستە ئەوە لەبیرنەکەین کە ئەم گوێ پێنەدان و سەرکەشیە لە قیامەتدا دەبێتە هۆی دەرەنجامی زۆر سەخت. چونکە لە قیامەتدا، حسابی یەک لەسەر حەوتی دەنکە گەنمێک لەگەڵ مرۆڤەکان دەکرێت. لە ڕاستیدا ئێمە دەڵێین یەک لەسەر حەوت، بەڵام قورئان دەفەرموێت:

فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ

واتە: هەرکەسێ بەئەندازەی گەردیلەیەک چاکەی کردبێت پاداشتەکەی وەردەگرێتەوە، هەرکەسێکیش بەئەندازەی گەردیلەیەک خراپەی کردبێت سزاکەی وەردەگرێتەوە.

جا لەم ئایەتانەدا خوای گەورە(جل جلالە) بابەتەکە بە گەردیلەوە دەبەستێتەوە. کەواتە هەروەک کاردانەوەی چاکەیەک بە قورسایی گەردیلەیەک دەبینرێت، بەهەمان پێوەریش کاردانەوەی هەر خراپە و شەڕێک گەر بە قورسایی گەردیلەیەکیش بێت، دەبینرێت. بەڵێ، هەموو وشەیەک کە لە دەمەوە دەردەچێت، هەموو خواردن و خواردنەوەیەک کە دەچێتە گەدەوە، هەموو وشەیەک کە گوێچکە دەیبیستێ، هەموو دیمەنێک کە چاو دەیبینێت لە ڕۆژی دواییدا یەک بە یەک لێیان دەپێچرێتەوە. ئەگەر مرۆڤ حسابی ورد و پوخت لەم ژیانەدا لەگەڵ خۆیدا نەکات،  لە قیامەتدا لەسەر ئەم حسابە وردانە ڕادەگیرێت و –خوا بمانپارێزێت- سەرفرازی و بەختەوەری لەدەست دەدات. بۆیە ئەوانەی لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتی و هەستیاری خۆیان لەدەستداوە و دەخۆن و دەخۆنەوە و قازانج دەکەن و خەرجی دەکەن، پێویستە دوبارە ئەمانە بهێننەوە پێش چاوی خۆیان و ڕووبەرووی خۆیان ببنەوە و حساب لەگەڵ خۆیاندا بکەن.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بوترێت کە، پێویست ناکات بەتەنها سەیری هەڵسوکەوتی ناجددیی کۆمەڵێک مرۆڤی سەرکەش بکەین و لە تابلۆیەکی ڕەشبینیەوە بابەتەکە ببینین. خۆ گەر ئەو کەسانەی لە پێشەوە دەبینرێن و لەم بابەتەدا زۆر هەستیارانە هەڵسوکەوت دەکەن و لەسەر ئەم بنەمایە ژیان بەسەردەبەن، هەوڵبدەن لەسەر ئەم هێڵە بمێننەوە و بەردەوام بن، ئەوا بێگومان ڕۆژێک دێت شەپۆل شەپۆل تەوژمی ئەم شعور و هەستیاریانە لەدەوروبەریاندا بڵاودەبێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە موڵکی هەموو کۆمەڵگە. تەنها ئەوەندە بەسە کە ئێمە لە موسوڵمانێتی ڕووکاری و ڕواڵەتی ڕزگار ببین، خۆ ئەویش بە بیرکردنەوە و لێکدانەوە و وردبوونەوە دەبێت لە قوڵاییە فراوانەکانی ئەم هەستانە و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ویست و نیەت و ئیرادانە بۆ جیاکردنەوەی ڕەش و سپی، حەڵاڵ و حەرام، جوان و ناشرینی هەموو شتێک لەیەکتر.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.