پێشەكی

لە ڕۆژگارێكی وادا دەژین كە پێویستە لە باسكردنی بابەتە ئیمانی و ئیسلامییەكاندا زیاتر گرنگی بە "بۆچی" بدەین وەك لە "چۆن". ئەمەش بە ئەندازەی ئەو حەقیقەتانەی كە دەمانەوێت بە كەسانی دیكەی بگەیەنین، ڕاست و واقیعییە. هیچ ژیرییەكی ساغ و ویژدانێكی ڕوون كە توانای پێكهێنان(تركیب)ی هەبێت -نەك تەنها پۆڵێنكردن(تصنیف)- ناتوانێت نكووڵی لەم ڕاستییە بكات. چونكە لەم سەدەمەدا زانست و فەلسەفە، هێزی پێشكەوتن و دۆزینەوە نوێیەكانی شارستانێتییان خستووەتە شوێنی خۆیان و، هێرشێكی ترسناكی بە تامی دۆزەخ دەكەنە سەر ئەو ئیمانە توبائاسایەی كە دەبێت ڕەگەكەی لە مێشكدا و، لق و پەل و میوە و بەروبوومەكانی لە دڵدا بن.

هەروەك ناگونجێت درەختێكی وشك بوو میوە ببەخشێت، بە هەمان جۆر ئەو درەختی ئیمانەش كە ڕەگەكانی "بۆچی" وشك بوون، ناكرێت میوەی "چۆن" بگرێت.

ئەو شوێنەی كە ڕووخان و كاولكاری بەسەرهاتووە، سەرەتا پێویستە نۆژەن بكرێتەوە و ئنجا بەهێز بكرێت و، پاشان ئەگەر ویستی ئارایشت بكرێت. ئەو ئارایشتدانەی كە پێش نۆژەنكردنەوە و بەهێزكردن دەكرێت بێسوودە و، ئەو بەهێزكردنەش كە پێش نۆژەنكردنەوە دەخرێت ناپێویستە و، ئەو نۆژەنكردنەوەیەش كە بەهێزكردن و ئارایشتدانی بەدوادا نایەت جوان نییە و چاو ئازار دەدات. لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی ڕێگای مامناوەند لەم بابەتەدا -وەكو هەموو بابەتەكانی دیكە- و ڕزگاربوون لە زیادەڕەوی و كورتڕەوی، دەستوورێكی بنەڕەتییە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی.

كردنی بەڵگە عەقڵییەكان بە ئامانج و مەبەستی كۆتایی و كەوتنە نێو باوەشی جەدەل و سەفسەتەوە چەند هەڵە و لادانێكی فیكرییە، پێچەوانەكەشی كە بریتییە لە نەفیكردنی تەواوەتی، بە هەمان ئەندازە كرچوكاڵیی فیكرە. لە بنەڕەتدا ئەم دوو لادانە دوو ڕووی جیاوازی یەك حەقیقەتن. هەڵە و نەپێكان لە دەستنیشانكردندا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەریەكێك لە دوو ڕووەكەی ئەم حەقیقەتە بە حەقیقەتێكی سەربەخۆ قبووڵ بكرێن. ئنجا بەتایبەت ئەوەی كە ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە هەریەكەیان خۆیان بە ئاوێنەی نەگۆڕی حەقیقەت بینیوە، شیوێكی هێندە گەورەیان لەم نێوەندەدا دروستكردووە كە پڕبوونەوەی زۆر سەختە. لەحاڵێكدا بیركردنەوەیەكی كەم -بەمەرجێك لەژێر كاریگەری هەستەكاندا نەبێت- دەتوانێت ئەم دوو ڕووە بەیەك بگەیەنێت.

لای هەمووان ئاشكرایە كە زانا مەزنەكانی وەك ئیمامی غەزالی و مەولانای ڕۆمی لە زۆر جێگای بەرهەمەكانیاندا ئاماژەیان كردووە بەوەی سەرقاڵبوون بە بەڵگە عەقڵییەكانەوە بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەت كات بەفیڕۆدانە و، ئەو كەسەش كە هیممەتی خۆی تەنها لە كۆكردنەوەی بەڵگە عەقڵییەكاندا بەزایە دەدات، هێز و توانای لەبەر دەبڕێت و ماندوو دەبێت. ئیمامی غەزالی ئەو كەسەی دەیەوێت لە ڕێگەی بەڵگە عەقڵییەكانەوە بە حەقیقەت بگات دەچوێنێت بە "كەسێك كە نییەتی حەجی هێناوە، بەڵام سەرقاڵی خزمەتكردنی ئەسپەكەیەتی و هەرچەند دەكات ناتوانێت بكەوێتە ڕێ." بەڕای ئەو ئەم سەرقاڵبوونە مرۆڤ ناگەیەنێت بە حەقیقەت، بەڵكو بەپێچەوانەوە بێبەشی دەكات لێی. مەولاناش ئەو كەسەی دەیەوێت بە بەڵگە حەقیقەت بدۆزێتەوە دەچوێنێت بەو "هەژارەی كە لەبەرامبەر كەعبەدا بەدوای قیبلەدا دەگەڕێت."

لێكۆڵینەوە لەو هۆكارانەی كە وایان لە زانایانی وەك غەزالی و مەولانا كردووە سارد بن بەرامبەر بە بەڵگە عەقڵییەكان، خۆی لە خۆیدا بابەتی توێژینەوەیەكی سەربەخۆیە. چونكە ئەو دوو دەستەواژە و گوزارشتەی ئەم دوو زانایە كە لە سەرەوە هێنامان، هەتا لە چوارچێوەی زانستی مەعریفەناسی (Epistemology) سەردەمی خۆیاندا شی نەكرێنەوە، ئەوا هەرچییەكیان لەسەر بوترێت لە شتێكی ڕواڵەتی بەولاوە هیچ بایەخێكی تری نابێت. ئەمەش بەوە مەیسەر دەبێت كە سەرلەنوێ چاو بخشێنرێتەوە بە پێگەی ئەم بابەتە لە زانستیی كەلامی ئەو ڕۆژگارەدا و دیسان شی بكرێتەوە. ئەم لایەنەی بابەتەكە بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە جێدەهێڵین و لێرەدا تەنها بە چەندد شیكردنەوەیەكی بچووك هەوڵی پێشكەشكردنی بابەتەكە دەدەین:

1. لە سەردەمی ئەو زانایانەدا كە باسمان كرد، سەرقاڵبوون بە بەڵگە عەقڵییەكانەوە پێویستی نەبوو، بەڵكو لە فەنتازیایەك بەولاوە هیچی دی نەبوو. چونكە لەو ڕۆژگارانەدا ئیمان بەهێز بوو. پێویستی بە بەڵگەكان نەبوو هەتا نۆژەنی بكەنەوە و بەهێزی بكەن. لە هەمان كاتدا ئەو نۆژەنكردنەوەیەی كە ناپێویستە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ كاولكردندا نییە. لەبەر ئەم هۆیە ئەوان دژی بەڵگە عەقڵییەكان -كە ئەگەری ئەوە هەبوو ببن بە هۆكاری كاولكارییەكی لەم جۆرە- وەستانەوە.

2. لە ئەنجامی وەرگێڕانی بەرهەمە بیانییەكان جیهانی ئیسلامی بە جۆرێك ڕووبەڕووی هێرشی فەلسەفەی یۆنانی بووەوە كە سەرقاڵبوون بە بەڵگە عەقڵییەكانەوە وەك نەخۆشی و ئافەتێكی لێ هاتبوو. لە كەشوهەوایەكی لەم جۆرەدا باسكردنی فەزیلەت وو چاكەی بەڵگە عەقڵییەكان شتێكی بێمانای وەكو هاندانی "مەجنون" وایە بۆ خۆشەویستی. لە هەمان كاتدا دەبوو كەسانێك هەبن داوای وشەی نهێنیی چوونە ژوورەوە لەو بیرە فەلسەفییانە بكەن كە بێ هیچ ڕەخنە و تێڕامانێك قبووڵ دەكران. ئەوانیش ئەم كارەیان ڕادەپەڕاند.

3. لەكاتێكدا دەبوو بەڵگە عەقڵییەكان لە ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەتدا ئامڕاز و هۆكار بن، كەچی كرابوون بە خودی ئامانج و مەبەست. ئیمامی غەزالی و مەولانا و زاناكانی هاوشێوەیان دەیانویست ئەم لادانە ڕاست بكەنەوە.

4. ئەدەبی حاڵەت و مەقامی ئەوان وای دەخواست. هەروەها ئەو نەخۆشییە مەعنەوییانەی كە لە سەردەمی ئەواندا سەریان هەڵدا، داخوازی ئەو شێوازی چارەسەرە بوو كە ئەوان بەكاریان هێنا.

5. مرۆڤە مەزنەكان وەكو ئاوی پاك و بێگەرد وان. شكڵ و شێوەی ڕۆژگاری خۆیان وەردەگرن. حاڵەتی ئەم جۆرەی زانایانیش لەو سەردەمەدا پەیوەندییەكی ڕاستەوانەی بە ژینگە و ڕۆژگاری خۆیانەوە هەیە. سەرجەمی ئەو بەرهەمانەی لەو سەردەمەدا نووسراون باشترین نموونەن لەسەر ئەمە.

لەم ڕۆژگارەدا ئادەمیزاد لە هەموو كاتێكی تر زیاتر پێویستی بە پاڵپشتیی بەڵگە عەقڵییەكان لە بابەتی باسكردن و تێگەیاندنی بابەتە نەقڵییەكاندا هەیە. بەڵام ئەمە پێویستە وەكو شكاندنی توێكڵ بە ئامانجی گەیشتن بە كاكڵە وابێت. واتە بۆ تامكردنی كاكڵە شكاندنی قاوغ مەرجە، بەڵام تاكە مەرجیش نییە. دووبارەكردنەوەی ئەم پڕۆسەیە لای مرۆڤە مەزنەكان، ئامانج لێی ئەوەیە وا لە كەسانی تریش بكەن ئەو شتە تام بكەن كە خۆیان چەشتوویانە.

چونكە ئەوان بە ڕوانین و نیگاكانیان ڕاستەوخۆ تەماشای "حق الیقین" دەكەن و پێویستیان بە هیچ جۆرە بەڵگەیەك نییە. ئەم مرۆڤە پیرۆزانەی كە قاچێكیان لە مەقامی حزووری ئیلاهیدایە، قاچەكەی دیكەیان لە زەوی نابڕن، بۆئەوەی چەندەهای تریش بەرز بكەنەوە و بیگەیەنن بە هەمان ئاست. بەڕای ئەوان ئەمە پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی پلەی ژیانی دڵ و ڕۆحی ئەو هەژارانەی كە لە قەفەسی جیسمانییەتدا گیریان خواردووە. بەڵام ئێمە دەبێت گەڕانەوەی ئەوان بۆ بەڵگەكان وەكو فیداكارییەك چاو لێ بكەین و قبووڵی بكەین.

ئەوان ئەم ڕەوشتەیان لەو پێغەمبەرەیانەوە (صَلَّىَ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمْ) وەرگرتووە كە گەیشت بە جێگایەك هیچ كەسێكی تر پێی تێنەخستووە و تەنانەت جیبریلی مەزنیش چاوی پێ نەكەوتووە. گەڕانەوەی پێغەمبەری خوا (صَلَّىَ اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمْ) لە میعراجەوە بۆ سەر زەوی، گەورەترین دانایی و وانەیە بۆ ئەوان. ئامانج بریتییە لە دۆزینەوەی "ئەو" و پاشان یارمەتیدانی خەڵكی لەم دۆزینەوەیەدا...

"لە سێبەری باوەڕدا" بە مەبەستی خزمەتكردن بە ئامانجێكی لەم جۆرە ئامادەكراوە.

خوێنەری بەڕێز!

ئەم كتێبەی بەردەستت پێكهاتووە لەو زنجیرە وتارانەی زانای بەڕێز "محمد فەتحوڵڵا گولەن" كە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا و، لەسەر مینبەری مزگەوتەوە و، لە چەندین كات و شوێنی جیاوازدا پێشكەشی ئامادەبووانی كردووە. دواتر كراوە بە كتێب و مامۆستا خۆی پێداچوونەوەی بۆ كردووە. هەرچەندە وا نزیكەی سی ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم دانراوە بەپێزەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا تازەیی و پاڕاوی خۆی پاراستووە و سوودێكی زۆر بە خوێنەران دەگەیەنێت.

ئەم كتێبە پێكهاتووە لە دوو بەشی سەرەكی: بەشی یەكەم بەگشتی لەسەر تەوحید و بنچینەكانی و پێداویستییەكانی و داخوازییەكانی دەوەستێت. هەرچی بەشی دووهەمیشە باس لە بابەتی ڕۆح و فریشتە و جنۆكە و شەیتانەكان دەكات و لەم ڕووەوە چەندین لایەنیی گرنگ تاوتوێ دەكات. بە پشتیوانی خوای گەورە بەرگەكانی دووهەم و سێهەمیش كە تەواوكاری ئەم بەرگەن بە زمانی شیرینی كوردیی  بڵاو دەكرێنەوە.

 

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.